گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە بەغدا؛ سینەماکارێکى کورد خەڵاتکرا

2019.08.19 - 18:32
لە بەغدا؛ سینەماکارێکى کورد خەڵاتکرا
  ناس کورد- سەهیم عومەر خەلیفە، سینەماکاری کورد و براوەی زیاتر لە سەد خەڵاتی سینەمایی، لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی سینەما و شانۆی عێراق لە بەغدا رێزی لێنرا و خەڵاتکرا. . رێوڕەسمی ریزلێنانەکە بە چاودێری وەزیری رۆشنبیری و شوێنەواری عێراق و لە ژێرناوی (شەوانی سینەمایی)، ئێوارەی رۆژی (شەممە، 17ى ئابی 2019) لە شانۆی نیشتمانی لە بەغدا بەڕێوەچوو و ژمارەیەک کەسایەتی هونەری و رۆشنبیری عێراقی، ئامادەی بوون. . بەر لە رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە، دواین فیلمی ئەو دەرهێنەرە کوردە بەناوی (زاگرۆس) نمایشکرا و دواتر لەلایەن د. ئەحمەد موسا، بەڕێوبەری سینەما و شانۆ رێزی لێنرا. . فیلمی درێژی سینەمایی (زاگرۆس) نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی گێنت لە بەلجیکا. . سەهیم عومەر خەلیفە خەڵکی زاخۆیە و لە بەلجیکا دەژی و ماستەری لە سینەما لەو وڵاتە بەدەستهێناوە، ئێستا ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار. . ئەو سینەماکارە دوو فیلمی گەیشتوونەتە قۆناخی پێش کۆتایی خەڵاتەکانی ئۆسکار وەک باشترین کورتە فیلم، کە لە کورتە لیستی 15 و 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکاندا بووە بۆ خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی ئۆسکار. . ئەو دەرهێنەرە کوردە پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی(میسی بەغداد)، (وڵاتی پاڵەوانان) و (نێچیرڤانی خراپ)، زیاتر لە سەد خەڵاتی وەرگرتووە. . بەهۆی وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵات، ئەو دەرهێنەرە توانی ریکۆردی وەرگرتنی زۆرترین خەڵات وەک سینەماکارێک لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا تۆماربکات. . (میسی بەغدا) باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاری تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە. . سەهیم عومەر سەرقاڵی ئەوەیە کورتەفیلمی (میسی بەغدا) وەک فیلمێکی سینەمایی بەرهەمبێنێت و لە شوباتی 2020 کاری وێنەگرتنی دەستپێدەکات. .