گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا ئەو حزبە چی کردووە بۆ بەستنی کۆنگرە؟

2019.08.16 - 22:11
لە یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتیدا ئەو حزبە چی کردووە بۆ بەستنی کۆنگرە؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز لە یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ئەو حزبە زیاتر لە نۆ ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە و ئەندامێکی سەرکردایەتیشی دەڵێت: " تائێستا ئامادەکارییان نەکردووە بۆ کۆنگرە و ئەو پرسە بودجە و ئامادەکاری دەوێت". . هاوکات کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداری داوە بەو حزبانەی کە کۆنگرەیان دواکەوتووە و ئەگەر لەماوەی نزیکەی پێنج مانگی داهاتوودا کۆنگرە نەبەستن ئەوا سزا دەدرێن. . عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "تائێستا هیچ ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرە نەکراوە، ئەگەر فریا بکەوین لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆنگرە دەبەستین، ئەگەریش فریا نەکەوین ئەوا دەکەوێتە سەرەتای ساڵی داهاتوو". . وتیشی، کۆنگرەش ئەوەندە ئاسان نییە و بودجە و کات و ئامادەکاری دەوێت و پێویستە سەرەتا کۆنفرانسە ناوخۆییەکان ببەسترێت، دواتر کۆنگرە ببەسترێت. . ئەمە لەکاتێکدایە کە کۆمسیۆن هۆشداری داوە بەو حزبانەی کۆنگرەیان دواکەوتووە و ئەو ماوەیەشی بۆیان دیاریکرابوو کە کۆنگرە ببەستن کەمتر لە 50 ڕۆژی ماوە. . ڕزگار حەمە محێدین، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " لە 4ی مانگی ڕابردوو سەرجەم ئەو حزبانە ئاگادار کرانەوە کە  کۆنگرەیان دواکەوتووە، کە پێویستە لە ماوەی 90 ڕۆژدا کۆنگرە ببەستن، ئێستا زیاتر لە 40 ڕۆژی ئەو وادەیە ڕۆشتووە و کەمتر لە 50 ڕۆژی ماوە". . وتیشی، هەر حزبێک دوای ئەو ماوەیە کۆنگرە نەبەستێت ئەوا پێویستە داوایەکیان ئاڕاستە بکات و هۆکارێکی هەبێت بۆ نەبەستنی کۆنگرە، ئەوکات سێ مانگی دیکە مۆڵەتیان دەدرێتێ، بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە ئەو حزبانە فەرمی نابن لای ئەوان و سزا دەدرێن. . پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 لەسەر دەستی مەلا مستەفای بارزانی دامەزراوە و تا ساڵی 1979 خۆی سەرۆکی حزبەکە بووە، دوای کۆچی دوایی ئەویش،  ماوەی 40 ساڵە مەسعود بارزانیی کوڕی مەلا مستەفا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە. . سەبارەت بە گۆڕانکاریکردن لە دەموچاوەکانی ناو حزبەکەدا، عەدنان کەرکوکی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " پارتی لە هەموو کۆنگرەیەکدا خەڵکی هێناوەتە پێشەوە و خەڵکیشی گۆڕیوە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی وەک پێویست کاریان نەکردبێت، دەنگیان پێنادرێتەوە لە کۆنگرەی نوێدا، چونکە ئیمە وەک حزبی دیکە بە دابەشکردنی کورسی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی هەڵنابژێرین". . ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، بێگومان لە ئەنجامی بەستنی کۆنگرەدا، سیاسەتی پارتیش نوێدەکرێتەوە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا دەگونجیندرێت. . لەبارەی ئەوەی ئایا دوای 40 ساڵ لە سەرۆکایەتی حزبەکە، مەسعود بارزانی ئەمجارەش دەکرێتەوە بە سەرۆک؟، عەلی عەونی جەختیکردەوە: " بێگومان هەروا دەبێت و هیچ شتێک لە ئارادا نییە کە کەسێکی دیکە بۆ ئەو شوێنە هەبێت". . لە ماوەی 73 ساڵی تەمەنیدا پارتی دیموکراتی کوردستان 13 کۆنگرەی ئەنجامداوە و کۆتا کۆنگرەی لە مانگی 11ی ساڵی 2010دا بوو، هەرچەندە دەبوو لە کۆتایی ساڵی 2014دا کۆنگرەی چواردەیەم ببەستن، بەڵام ماوەی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە و هێشتا کۆنگرەی ئەو حزبە نەبەستراوە.