گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

منداڵ چۆن لە دایەنگە حکومییەکانى کوردستان وەردەگیرێت؟ مەرج و رێنماییەکان چین؟

2019.08.09 - 14:26
منداڵ چۆن لە دایەنگە حکومییەکانى کوردستان وەردەگیرێت؟ مەرج و رێنماییەکان چین؟
ناس کورد-   بەگوێرەى گشتاندنێكى بەڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى و گه‌شه‌پێدانى سلێمانى به‌ ژماره‌ (3209) له‌ به‌رواری‌ (4ی‌ 8ی‌ 2019)ى كه‌ له‌ به‌شی‌ دایه‌نگه‌كانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، كات و شێوازى مامه‌ڵەكردنى دایكان و باوكان له‌گه‌ڵ دایه‌نگه‌ حكومییه‌كاندا ده‌ستنیشانكراوه. .   لە خاڵی‌ ژماره‌ (1)ى گشتاندنه‌کەدا ئاماژە بەوە کراوە، ده‌رگای‌ وه‌رگرتنی‌ منداڵ له‌ دایه‌نگه‌ حكومییه‌كان به‌ درێژایی‌ ساڵ له‌سه‌ر پشته‌ بۆ ئه‌و دایك و باوكانه‌ی‌ خوازیاری‌ خزمه‌تگوزاری‌ دایه‌نگه‌ن بۆ منداڵه‌كانیان. . به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌كه‌ ڕێنمایى دایكان و باوكانى كردوه‌ كه‌ له‌ مانگی‌ (8)ی‌ هه‌ر ساڵێكدا نه‌بێت كه‌ وه‌رگرتنی‌ منداڵ تیایدا ده‌وه‌ستێت به‌مه‌به‌ستی‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ دایه‌نگه‌، وەرگرتنى منداڵانیش بەگوێرەى توانا مرۆیى و مادییەکانى دایەنگە دەبێت و له‌و ڕوانگه‌یەشه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ منداڵ وه‌رگرتن بوونى دەبێت. . به‌ڕێوه‌به‌راتیه‌كه‌ ئه‌وه‌شى ڕوونكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاتو منداڵێكش نه‌برایه‌وه‌ بۆ ده‌وامى دایه‌نگه‌كه‌ى، ئه‌وا ته‌نها یه‌ك مانگ مۆڵه‌تی‌ ده‌درێتێ‌‌و مانگی‌ دواتر شوێنه‌كه‌ی‌ به‌ منداڵێكی‌ تر پڕ ده‌كرێتەوه‌. . هه‌ر به‌ گوێرەى گشتاندنه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى سلێمانى، له‌سه‌ر دایه‌نگه‌ پێویستە تۆمارێكی‌ تایبه‌ت به‌و منداڵانه‌ی‌ هه‌بێت كه‌ ده‌یانه‌وێت سودمه‌ندبن له‌ دایه‌نگه‌ وه‌ك تۆماری‌ سه‌ره‌ و نۆبه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ منداڵ‌و تۆماره‌كه‌ ده‌ستكاری‌ ناكرێت‌و تێبینی پێویستی‌ تێدا تۆمار ده‌كرێت. . له‌گشتانه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش روونکراوەتەوە، دایه‌نگه‌ حكومییه‌كان ده‌رگایان له‌سه‌ر پشته‌ بۆ ئەو منداڵانه‌ی‌ دایكیان ده‌وامێكی‌ فه‌رمیان هه‌یه‌ له‌ ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت یان له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و ده‌رفه‌تی‌ چاودێری‌ منداڵه‌كانیان نییه‌ به‌ درێژایی‌ هه‌فته‌ و ڕۆژانه‌ شه‌ش سه‌عات، واتە مەرجى سەرەکى بریتیە لەوەى دایکى منداڵەکە خاوەنى دەوامێکى فەرمى بێت لە حکومەت یان کەرتى تایبەت. . ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، له‌به‌رامبه‌ر ده‌وامى مناڵێكدا بۆ هه‌ر مانگێك له‌دایه‌نگه‌ حكومیه‌كاندا (25) هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت و پێشتریش له‌لایه‌ن دایه‌نگه‌ حكومیه‌كانه‌وه‌ منداڵانى كارمه‌ندانى كه‌رتى تایبه‌ت وه‌رنه‌گیراون لە حاڵه‌تى تایبه‌تدا نه‌بێت. .