گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان: ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێبكات ده‌توانم شه‌ڕى ده‌وڵه‌ت و په‌كه‌كه‌ له‌یه‌ك هه‌فته‌دا ڕابگرم

2019.08.08 - 19:37
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: ئه‌گه‌ر توركیا ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێبكات ده‌توانم شه‌ڕى ده‌وڵه‌ت و په‌كه‌كه‌ له‌یه‌ك هه‌فته‌دا ڕابگرم
  ناس کورد- عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆكى زیندانیكراوى پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌كه‌كه)‌ له‌ڕێگه‌ى پارێزه‌ره‌كانیه‌وه‌ له‌په‌یامێكیدا ڕایگه‌یاند "بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئامادەم، بەڵام پێویستە رێکاری پێویست بۆ پڕۆسەکە بگیرێتەبەر". . ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دەتوانێت لە ماوەی یە‌ك هه‌فته‌دا شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا رابگرێت ئه‌گه‌ر توركیاش ئاماده‌بێت و ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێبكات. .   لە پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلاندا،  هاتووە "نیگه‌رانم له‌و پێشهاتانه‌ی كه‌ به‌هۆی سووربوون به‌درێژه‌دانی سیاسه‌تی جه‌نگ و دروستكردنی كه‌شوهه‌وای پێكدادان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و سه‌رهه‌ڵده‌دات. چل ساڵه‌ زیانێكی زۆری مرۆیی، ئابووری و سیاسی له‌ ناوچه‌كه‌دا روویداوه‌ و درێژه‌دان به‌هه‌مان سیاسه‌ت و پێداگری لێی باجی زۆر قورسی لێده‌كه‌وێته‌وه". .   ئۆجەلان روونیدەکاتەوە، پاشماوه‌ی شۆڤینیزمه‌كان مێژووی پڕ چه‌واشه‌كاری و دوور له‌ راستییان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان تورك و كورد بڵاوده‌كرده‌وه‌. به‌ڵام ئێستا هه‌وڵێك هه‌یه‌ مێژووی راسته‌قینه‌ی په‌یوه‌ندیی برایه‌تی و دۆستایه‌تی تورك و كورد له‌ دژی هه‌وڵی شۆڤینیزمه‌كان ده‌ربخه‌ن. ئه‌و هه‌وڵه‌ كارده‌كات بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو پێگه‌ی كورد بپارێزێت و كرانه‌وه‌یه‌كی گونجاویان له‌ به‌رده‌مدا بكاته‌وه، بەوەش كورد پێویستی به‌ پاڵپشتیی هیچ وڵاتێكی دیكه‌ نابێت. به‌ڵام ئایا كورد مافی ده‌بێت؟ له‌كاتێكدا 40 ساڵه‌ كورد هه‌وڵده‌دات ژیانێكی ئازاد، شایسته‌ و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئازاد پێكبهێنێت". . سەرۆکى زیندانیکراوى پەکەکە، ئاماژە بەوە دەکات"ماوه‌ی بیست ساڵه‌ هه‌وڵی بێ وه‌چان ده‌ده‌م بۆ ئاشتی و چاره‌سه‌ریی دیموكراسی پرسی كورد. سه‌رباری گۆشه‌گیرییه‌كانیش به‌رده‌وامیش ده‌بم له‌ هه‌وڵه‌كانم. كار ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كورد پێگه‌ی خۆی هه‌بێت. وه‌رن پێكه‌وه‌ كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ین. با هه‌فته‌یه‌ك پێكدادان و ئۆپه‌راسیۆنه‌كان رابگیرێت. ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌ له‌ پێكدادانیش وه‌لابنێن. من چاره‌ی ده‌كه‌م. باوه‌ڕ و متمانه‌م به‌خۆم هه‌یه‌، ئاماده‌م بۆ چاره‌سه‌ریی. به‌ڵام ده‌بێت ده‌وڵه‌ت و هزری ده‌وڵه‌تیش رێكاره‌كان بگرێته‌به‌ر". . .