گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامارى قوربانیان و رزگارکراوانى هاووڵاتیانى ئێزدى بڵاوکرایەوە.. هەزارانیان هێشتا بێسەروشوێنن

2019.08.01 - 18:22
ئامارى قوربانیان و رزگارکراوانى هاووڵاتیانى ئێزدى بڵاوکرایەوە.. هەزارانیان هێشتا بێسەروشوێنن
ناس کورد- نوسینگەى رزگارکردنى رفێندراوانى ئێزدى ئامارێکى نوێى قوربانیان و رزگارکراوانى هاووڵاتیانى ئێزدى بڵاوکردەوە و بە گوێرەى ئامارەکە، نزیکەى سێ هەزار هاووڵاتى ئێزدى تائێستا بێسەروشوێنن. . بەگوێرەى ئامارەکە، هەتا ئێستا دوو هەزار و 908 هاووڵاتى ئێزدى بێسەروشوێنن و رزگارنەکراوون، کە لەو ژمارەیە هەزار  و 323یان ئافره‌ت و هه‌زار و 585 كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی نێرن. . بڵاوکردنەوەى ئامارەکە هاوکاتە لەگەڵ دانیشتنێکى نائاسایى پەرلەمانی کوردستان کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) ئەنجامدرا و تیایدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیاری دیاریکردنی 3ی حوزەیران بە ڕۆژی “کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە” کرا، پاش تاووتوێکردنى پرۆژە یاساکە دانیشتنەکە دواخرا بۆ ڕۆژى سێشەممەى داهاتوو. . دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە، پەرلەمان لە پشودایە و لەئێستادا هیچ دانیشتنێکی ئاسایی ئەنجامنادرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوو ڕۆژ ماوە بۆ یادکردنەوەی ئەو کارەساتەی بەسەر شەنگالدا هات، پەرلەمان دانیشتنی نائاسایی ئەنجامدا و لە دانیشتنى داهاتووشدا، خوێندنەوەى سێیەم بۆ پرۆژەیاساکە دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە.   . لەئامارەکەى نووسینگه‌ی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی، ئاماژە بەوە کراوە، ژماره‌ی ئێزدییه‌كان له‌ عێراق، 550 هه‌زار كه‌سە و به‌ هۆی په‌لاماری داعشه‌وه، 360 هه‌زار كه‌سیان ئاوارە بوون. . هەروەها ژماره‌ی شه‌هیدانی رۆژانی یه‌كه‌می په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر شنگال بە  هه‌زار و 293 شه‌هید، تۆمارکراوە و ژماره‌ی منداڵانی بێ باوك بە 2 هه‌زار و 745 منداڵ و ژماره‌ی ئه‌و گۆڕە‌ به‌ كۆمه‌ڵانه‌ی تا ئێستا ئاشكرا بوون بە 80 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ دیارى کراوە و ژماره‌ی مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ ئاینییه‌كان كه‌ ته‌قێندراونه‌ته‌وه 68 مه‌زارگه‌ و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ره‌ویان كردووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بە زیاتر لە‌ 100 هه‌زار كه‌س، تۆمارکراوە. . لە ئامارەکەدا ژمارەى ئێزدییە رفێنراوەکانیش بە  6 هه‌زار و 417 كه‌س دیارى کراوە کە لەو ژمارەیە  3 هه‌زار و 548 کەسیان مێ و  2 هه‌زار و 869 كه‌سیان لە رەگەزى نێرن. . هەروەها ژماره‌ی رزگاربووان له‌ ده‌ستی داعش، لە ئامارەکەدا بە 3 هه‌زار و 509 كه‌س، دیاریکراوە کە له‌و ژماره‌یه یه‌ك هه‌زار و 192 كه‌سیان ئافره‌ت و 337 كه‌سیان پیاون و هه‌زار و 33 منداڵى کچ و  947 منداڵى کوڕن.   ئەو کەسانەشى کە هەتا ئێستا بێسەروشوێنن و رزگارنەکراوون بە  2 هه‌زار و 908 كه‌س تۆمارکراوون کە له‌و ژماره‌یە هه‌زار و 323یان ئافره‌ت و هه‌زار و 585 كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی نێرن. . لە مانگی ئابی ساڵی 2014 رێکخراوی داعش، هێرشی کردە سەر شەنگال و دەوروبەری و کۆمەڵکوژی ژنان و منداڵ و پیاوانی ئێزدی ئەنجامدا، ئافرەتەکانیشیان کردن بە کەنیزەک. .