گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەم کابینەیەدا ژیانی پێشمەرگە باش دەکرێت

سێ یاسای تایبەت بە مافەکانی پێشمەرگە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت

2019.07.30 - 15:32
سێ یاسای تایبەت بە مافەکانی پێشمەرگە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت
ناس کورد- شەهرام عەزیز وەزارەتی پێشمەرگە چەند لیژنەیەکی پیکهێناوە بۆ هەموارکردنەوەی هەندێک یاسای تایبەت بە ژیانی پێشمەرگە و جێگری سوپا سالاری پێشمەرگەش ئاشکراى دەکات، بەپێی یاسای چاکسازی پلانیان هەیە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە کەم بکەنەوە. . قارەمان کەمال، جێگری سوپا سالاری  پێشمەرگە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە وەزارەتی پێشمەرگە سێ یاسای تایبەت بە ژیانی پێشمەرگە هەیە، کە یاساکانی ژمارە 33، 34 و 38ن و تایبەتن بە ڕێزلێنان و خانەنشینی و شەهیدانی پێشمەرگە، بەڵام ئەو یاسایانە هەندێک بۆشاییان تێدایە، پێویستە هەمواربکرێنەوە". . جێگری سوپا سالاری  پێشمەرگە وتیشی، لە دوای شەڕی داعشەوە، هەندێک حاڵەت دروستبوون کە پێویستیان بە یاسای تایبەت هەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەس ماف و ئیمتیازاتەکانی نەفەوتێت و حەقی خۆی وەربگرێت، بەتایبەت ئەو پێشمەرگانەی بریندار یاخود شەهید بوون، بۆیە ئەو یاسایانە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت. . سەبارەت بەوەی کە ئایا گۆڕانکاریکردن لەو یاسایانەدا چ سودێکیان بۆ پێشمەرگە دەبێت؟، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، ناتواندرێت ئێستا دیاریبکرێت کە سودەکانی چین بەتایبەت لەبارەی مووچەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە پڕۆژەکە بۆ بەرژەوەنی پێشمەرگە ئامادەکراوە و سودی دەبێت بۆیان. . سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەى ئەگەریان هەیە لە ژیان و مووچەی پێشمەرگەدا ڕوبدەن، قارەمان کەمال باسی لەوەکرد، تا هێزەکانی پێشمەرگە ڕێکنەخرێنەوە و ژمارەشیان کەمنەکرێتەوە، ناتواندرێت مووچەی پێشمەرگە زیاد بکرێت، چونکە ژمارەیان زۆرە و حکومەت ناتوانێت ئەو مووچەیە بدات. . جەختیشیکردەوە، وەزارەتی پێشمەرگە لەم کابینەیەدا بەهەمووشێوەیەک هەوڵدەدات ئەو کارە بکات و هێزەکانی پێشمەرگە ڕێکبخاتەوە، بەڵام پێویستی بە هاوکاری لایەنە بەرپرسەکانی دیکەش هەیەم، بەتایبەت ئەنجومەنی وەزیران. . بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش پشتگیری لە پڕۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و باشکردنی ژیان و مووچەی پێشمەرگە و بە ئەگەرێکی زۆر ئەو هەنگاوە لەم کابینەیەدا جێبەجێدەکرێت. . .