گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

داوای دورخستنەوەی زیدان دەکرێت لە ڕاهێنەرایەتی ڕیاڵ مەدرید

2019.07.27 - 17:42
داوای دورخستنەوەی زیدان دەکرێت لە ڕاهێنەرایەتی ڕیاڵ مەدرید
ناس کورد- دوای شکستە گەورەکەی ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید، هاندەرانی ئەو یانەیە داوای دوخستنەوەی زیدان دەکەن لە ڕاهێنەرایەتی یانەکە. . شەوی ڕابردوو لە یارییەکى پاڵەوانێتی دۆستانەدا، ریاڵ مەدرید بە ئەنجامێکی ئابڕوبەرانە و  بە حەوت گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدریدی هاوشاری شکستی هێنا، کە ئەوەش لێدانێکی کوشندە بوو بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ. . پاش تەواوبوونی یارییەکە، بەشێکی زۆر لە هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای دوورخستنەوەی زیدان دەکەن لە ڕاهێنەرایەتی یانەکە. . هاندەرانی یانەی شاهانە ڕەخنەی توند لە زیدان دەگرن، بەوەی گاریس بەیڵ و جەیمس ڕۆدریگێز و دانی سیبایۆسی پشتگوێ خستووە و  پشت بە کۆمەڵێک یاریزانی وەک ڤاسکوێز و ناتچۆ ڕۆدرگێز دەبەستێت. . هاوکات لە پاش یارییەکە زیدان ڕایگەیاند:"بەشێوەیەکی سەیر یارییەکە دەستیپێکرد و بەخێرایی تا خولەکی هەشت دوو گۆڵمان لێکرا و نەمانتوانی هیچ کاردانەوەیەکمان هەبێت". . زیدان ئاماژەی بەوەشکرد، بەگشتی دڵتەنگن بە ئەنجامەکە، بەڵام ئەوە یارییەکی خۆئامادەکاری بووە و هەرچەندە هێشتا کێشەی گەورە لە پێکهاتەکەیدا هەیە، بەڵام هەوڵدەدەن بە باشترین شێوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ وەرزی نوێ. . پێش کۆتایی هاتنی وەرزی ڕابردوو بە چەند مانگێک، پاش ئەوەی ڕیاڵ مەدرید بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕی و لە چامپیۆنسلیگ ماڵئاوایی کرد، زیدان گەڕایەوە بۆ ڕاهێنەرایەتیکردنی یانەکە، بەڵام تائێستا هاندەرانی یانەکە بە ئەنجامەکانی یانەکەیان دڵخۆش نین.   .