گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دووکان و ئەحمەد ئاوا ئەو دوو شوێنەن زۆرترین گەشتیاری بۆ دەچێت

پێشبینى دەکرێت ژمارەى هاتنى گەشتیار بۆ سلێمانى لە جەژنى قورباندا زیاد بکات

2019.07.26 - 11:49
پێشبینى دەکرێت ژمارەى هاتنى گەشتیار بۆ سلێمانى لە جەژنى قورباندا زیاد بکات
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح پێشبینی دەکرێت گەشتیارێکی زۆر لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بکەن، وتەبێژى گەشتوگوزارى سلێمانیش دەڵێت، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ گەشتیاران کراوە. . ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پێشبینی دەکەین بەراورد بە جەژنی ڕابردوو، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لە جەژنى قورباندا ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانى سلێمانى دەکەن، زیاد بکات". . وتەبێژى گەشتوگوزارى سلێمانى وتیشی، ئامادەییەکی تەواو بۆ ئەو بابەت کراوە و چەندین لیژنەش پێکهێندراوە بۆ پێشوازکردن و ئاسانکاری هاتنە ناوەوەی گەشتیاران لە بازگەکانی سلێمانی. . گەشتوگوزارى سلێمانى بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەکانی قائیمقامیەتی قەزای سلێمانی، هەموو خاوەن میوانخانە و ڕێستۆرانتەکانى سلێمانى ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت ڕۆژانی جەژن شوێنە کانیان کراوە بێت بە خزمەتگوزاری کوالیتى بەرزەوە، هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات سزادەرێت. . "بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی پلانی هەیە زیاتر لە 50 هەزار چاپەمەنی وەک نەخشە ڕیکلام بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی چاپ بکات، بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی،  پاشان دابەش بکرێت بەسەر گەشتیاراندا"، ئارام شوانى واى وت. . ئەوەشى ئاشکرا کرد، لە دوای باشبوونی دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی دوای نەمانی قەیرانی دارایی ژمارەی ئەو  گەشتیارانەی کە ڕوو لە  پارێزگای سلێمانی دەکەن یەکسان بووەتەوە لەگەڵ پارێزگاى هەولێر، هەندێک جارێش ژمارەى گەشتیارانى سلێمانى زیاتر بووە. . بەگوێرەى داتاکانى گەشتوگوزارى سلێمانى، ئەو شوێنە گەشتیاریانەى سنورەکە کە سەردان دەکرێن، بە پلەى یەک قەزای دووکانە و ئەحمەد ئاوا بە پلەی دووەم دێت. . .