گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوفاتى ئەنفالکراوان چییان لێدەکرێت؟

وەزارەتی شەهیدان: نزیکەی 80 ڕوفات لە یەک گۆڕى بەکۆمەڵی سەماوەدان

2019.07.25 - 14:55
وەزارەتی شەهیدان: نزیکەی 80 ڕوفات لە یەک گۆڕى بەکۆمەڵی سەماوەدان
ناس کورد- شەهرام عەزیز کارکردن لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەماوە بەردەوامە، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانیش ڕایدەگەیەنێت، تائێستا یەک گۆڕ هەڵدراوەتەوە کە  نزیکەی 80 ڕوفاتی تێدایە و سەرجەمیان ژن و منداڵن. . فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی هەڵدراوەتەوە لە سەماوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نزیکی 80 ڕوفاتی تێدایە و سەرجەمیشیان ژن و منداڵن. . وتیشی، تائێستا ڕوفاتەکان هەر لە شوێنی خۆیاندان و تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەیانن و پێدەچێت ڕۆژی شەممە دەستبکرێت بە هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکان، پاشان دەبرێنە بەغدا بۆ پشکنین. . وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ئاماژەی بەوەشكرد: "لە بەغدا لەلایەن تیمی پسپۆڕەوە لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووفاتەکان دەکرێت و پشکنینی مۆخیان بۆ دەکرێت، دواتر دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ بە خاک سپاردن". . هاوکات فوئاد عوسمان ڕەتیکردەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا هیچ ئاسەوارێک یاخود شتێکی تایبەتی قوربانییەکان دۆزرابێتەوە و باسی لەوەکرد، ڕەنگە لەکاتی هەڵگرتنەوەی ڕوفاتەکاندا ئاسەوار و شتی تایبەتی ئەو قوربانیانە بدۆزرێنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی لەوشێوەیە نەدۆزراوەتەوە. . سەبارەت بەوەی کە ئایا پشکنین بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکرێت، بۆ ئەوەی ناسنامەی ڕوفاتەکان دیاری بکرێن، فواد عوسمان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوە پرسێکی گەورە و گشتییە و تەنها تایبەت نییە بەو ڕوفاتانەی سەماوە، لە ئێستادا تەنها کۆدێک لەسەر قەبری ئەو قوربانیانە دادەنرێت و هەرکات پشکنین بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان کرا، ئەوکات بەپێی کۆدەکە ناسنامەی قوربانییەکە دەدۆزرێتەوە. . باسی لەوەشکرد، پاش تەواوبوونی کارەکانی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە، دەستدەکەن بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە. . پارێزگای سەماوە دەکەوێتە ناوەڕاستی عیراق و 280کم لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، لە رۆژئاوای شارەکەوە بیابانێکی گەورە هەیە و بەپێی زانیارییەکان ڕوفاتی سەدان هاوڵاتی ئەنفالکراوی کورد لەو ناوچەیەدا لەناو چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵدان. . .