گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەنها منداڵێکی دوو ساڵان ڕزگاری بووە

لە ناس کوردەوە چیرۆکی کوژرانی نۆ ئەندامی خێزانێک لە سنوری کەرکوک بخوێنەرەوە

2019.07.25 - 10:18
لە ناس کوردەوە چیرۆکی کوژرانی نۆ ئەندامی خێزانێک لە سنوری کەرکوک بخوێنەرەوە
ناس کورد- شەهرام عەزیز شەوی ڕابردوو لە قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکوک، خێزانێکی 10 کەسی لە ئۆتۆمبێلێکدا نۆ کەسیان کوژران و تەنها منداڵێکی دوو ساڵانى ئەو خانەوادەیە ڕزگاری بووە. . ماوەیەکە جموجوڵەکانی لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم دەستیپێکردووەتەوە، هەر بەهۆی ئەو جموجوڵانەوە تەنها لە شەوی ڕابردوودا لە داقوق نۆ ئەندامی خێزانێک کوژران و هاوکات سێ ئەندامی خێزانێکی دیکەش برینداربوون و کەسێکیشیان گیانی لەدەستدا و ئەفسەرێکی پۆلیسیش کوژرا. . لەو بارەیەوە سامی ڕەفعەت، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای داقوق بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش سێ گولە هاوەنیان ئاڕاستەی گوندی دارا کرد، لە ئەنجامدا چوار ئەندامی خێزانێکی کورد برینداربوون کە پێکهاتوون لە ژن و پیاوێک و دوو منداڵیان، بەڵام دواتر ژنەکە گیانی لەدەستدا". . وتیشی، پاش کەمێک لەوە خێزانێکی 10 کەسی کە بۆ سەردان چونەتە گوندی دارا، بە ئۆتۆمبێلێك ویستویانە بگەڕێنەوە داقوق، بەڵام لە ناکاو دراونەتە بەر دەستڕێژی گولە و لە ئەنجامدا نۆ ئەندامى ئەو خێزانە کوژراون، تەنها منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ ڕزگاری بووە، کە ئەویش بریندارە. . ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی قەزای داقوق ئاماژەی بەوەشكرد، هێشتا نازاندرێت کێ تەقەی لەو خێزانە کردووە، بەڵام گومان دەکرێت، "پۆلیسی فیدڕاڵی بووبن و بە هەڵە تەقەیان کردبێت و وایانزانیبێت داعشن". . بە وتەی سامی ڕەفعەت، پاش ئەوە ئەفسەرێکی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان چووەتە شوێنی ڕووداوەکە و لەوکاتەدا لەگەڵ چەند چەکدارێکی پۆلیسی فیدڕاڵی بووە بە شەڕیان، لە ئەنجامدا چەکدارێکی پۆلیسی فیدڕاڵی گولەیەکی بە ئەفسەرەکەوە ناوە ئەویش گیانى لەدەستداوە. . لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێندراوە، بەڵام ئەندامەکەى ئەنجومەنى قەزاى داقوق دەڵێت، کاری لیژنە لە عێراق زۆر بە کەمی دەگاتە ئەنجام و ئومێدیان پێی نییە. . .