گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دانانی ڕێباز حەملان بە یاریدەدەری مەسرور بارزانی، کێشەى خستووەتە نێوان پارتی و گۆڕان

2019.07.23 - 17:04
دانانی ڕێباز حەملان بە یاریدەدەری مەسرور بارزانی، کێشەى خستووەتە نێوان پارتی و گۆڕان
ناس کورد - شەهرام عەزیز دەنگۆی دانانی ڕێباز حەملان بە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری دارایی کێشە دەخاتە نێوان پارتی و گۆڕانەوە، بزوتنەوەى گۆڕان ڕەتیدەکاتەوە ڕازیبن بە زیادکردنی ئەو پۆستە لە بەرژەوەندی پارتی. لەدوای دانانی ئاشتی هەورامی، وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان، لە کابینەی نوێدا بە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری نەوت و وزە دیاریکرا، لەئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ڕێباز حەملان، وەزیری پێشووی دارایی هاوشێوەی ئاشتی هەورامی بکرێتە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بەڵام بۆ کاروباری دارایی. . لەوبارەیەوە چالاک موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بە فەرمی بە پارتییان ڕاگەیاندووە، کە بەهیچ شێوەیەک ڕازی نابن بە زیادکردنی ئەو پۆستە، چونکە کاتێک وەزیری دارایی هەبێت، چ پێویست بە کەسێکی دیکە دەکات بۆ کاروباری دارایی. ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكرد: " هەرچەندە تائێستا هیچ شتێک بە فەرمی نەبووە، بەڵام بە فەرمی بە پارتیمان ڕاگەیاندووە، کە ڕازی نابین بەو کارە، چونکە هیچ خاڵێکی لەوشێوەیە لە ڕێكکەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان  باسی لێوەنەکراوە ". . بە وتەی چالاک موهەندیس، ئەگەر پارتی سووربن لەسەر کارێکی وا و ئەو پۆستە زیاد بکەن ئەوا لەکاتی خۆیدا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت. بەپێی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، لە هیچ خاڵێکدا باسی زیادکردنی پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت نەکراوە بۆ کاروباری وزە و دارایی، پۆستی وەزارەتی داراییش کە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، پێیانوایە کە زیادکردنی ئەو پۆستە لە دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی کەمدەکاتەوە.