گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

برینداری ڕووداوی تەقەکردنەکەی هەولێر گیانی لەدەستدا

یەکێک لە کوژراوەکانی ڕوداوەکەی هەولێر پاسەوانی ئازاد جوندیانی بووە

2019.07.17 - 21:54
یەکێک لە کوژراوەکانی ڕوداوەکەی هەولێر پاسەوانی ئازاد جوندیانی بووە
ناس کورد یەکێک لە کوژراوەکانی ڕووداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی هەولێر، پاسەوانی ئازاد جوندیانی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بووە، برینداری ڕووداوەکەش گیانی لەدەستدا.   هەڵگورد جوندیانی برای ئازاد جوندیانی ئەندامی پێشوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، "ئامۆزایەکیان کە هاوکات پاسەوانی ئازاد جوندیانی بووە لە ڕووداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێر کوژراوە." هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناس کوردی ڕاگەیاند ئەو پاسەوانەی ئازاد جوندیانی لەگەڵ هاورێیەکی بە مەبەستی نوێکردنەوەی پاسپۆرت سەردانی هەولێریان کردووە لەو ڕووداوەدا پێوە بوون، پەیوەندییان بە تەقەکانەوە نەبووە. هەڵگورد جوندیانی ئەوەشی نووسیوە: "نەریمان جوندیانی ئامۆزام لەگەڵ بەشدار رەمەزانی هاوڕێی، ئەمڕۆ نیوەڕۆ لەهەمان شوێن بوون کە رووداوی ریستۆرانتی هوکەبازی هەولێری تیا ڕوویداوە." سەرچاوەکەی ناس کورد ئەوەشی ڕاگەیاند بەشدار رەمەزان لە ڕووداوەکەدا بە سەختی بریندار بووە و درەنگانێکی ئەمشەو لە نەخۆشخانەی گیانی لەدەستداوە. بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، نەریمان جوندیانی پاسەوانی ئازاد جوندیانی، پێشمەرگە بووە لەهێزەکانی هەشتای پارتی و لەدەستەی پاسەوانی ئازاد جوندیانی بووە باوکی دوو کوڕ و کچێکە. ئەمڕۆ لە ڕوداوێکی تەقەکردندا لە ریستۆرانتێک لە شاری هەولێر سێ کەس کوژران کە یەکێکیان جێگری کونسوڵی تورکیایە، دوو کوژراوەکەی تر خەڵکی هەرێمی کوردستانن.