گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دوو کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستە باڵاکانی کابینەی نوێی حکومەت کشانەوە

2019.07.15 - 19:11
دوو کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستە باڵاکانی کابینەی نوێی حکومەت کشانەوە
ناس کورد- شەهرام عەزیز   دوو كاندیدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی دوو پۆستی باڵا لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم کشانەوە و یەکێک لەو کاندیدانە ڕایگەیاند "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەسەر کشانەوەکەی قسەی دەبێت". . ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی زانیارییەکانی بۆ ناس کورد پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، هەریەك لە عوسمان شوانی، كاندیدی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم و ئیسماعیل مەحمود، كاندیدی دەستەی گشتی كاروباری مین، کە لە پشکی یەکێتی کاندید بوون، کشاونەتەوە. . سەبارەت بە هۆکاری کشانەوەی ئەو دوو کاندیدەی یەکێتی ئارێز عەبدوڵڵا ڕەتیکردەوە هیچ قسەیەک بکات و ئاماژەی بەوەکرد: "خۆیان دەزانن". . ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ڕوونیشیکردەوە، سەرکردایەتی یەکێتی دوو کاندیدی دیکە هەڵدەبژێرێت بۆ ئەو دوو پۆستە. . ناس کورد پەیوەندی کرد بە عوسمان شوانی، کاندیدی یەکێتى بۆ سەرۆکى دەستەی گەشتوگوزار، بەڵام ڕەتیکردەوە لەئێستادا هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکات و جەختى کردەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قسەی خۆی دەکات. . کشانەوەى ئەو دوو کاندیدەى یەکێتى لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەک لە مەڵبەندەکانی یەکێتی لە گەرمیان و چەمچەماڵ و دهۆک ڕەخنەی توندیان لە سەرکردایەتی یەکێتی گرت سەبارەت بە دابەشکردنی پشکەکانی یەکێتی لە کابینەی نوێ و داوای پۆستیان بۆ بەرپرسانی ناوچەکانی خۆیان کرد، هۆشداریشیان دابوو، کە ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە، هەڵوێستی توندیان دەبێت. . پێشتر ڕزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، یەکێتی ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات و ئەوانیش مافی خۆیان بەردەکەوێت. .