گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بڕیارێکى ڕێکخەرى گشتى گۆڕانخوازانى هەولێرى توڕە کردووە

2019.07.08 - 21:04
بڕیارێکى ڕێکخەرى گشتى گۆڕانخوازانى هەولێرى توڕە کردووە
ناس کورد- لە بەرامبەر کاندیدکردنەوەی کەمال موسلیم، بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، شەپۆلێکی ناڕەزایی توند لەناو گۆڕانخواز و هەڵسوڕاوانی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان سەریهەڵداوە، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکیشەوە داوا لە ڕێکخەر و جڤاتەکان کراوە لەو بڕیارە پەشیمان ببنەوە. . ڕۆژی هەینی ڕابردوو، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەیەکدا بەکۆی دەنگ، دەسەڵاتی دیاریکردنی کاندیدەکانی دایە دەست رێکخەری گشتی و دواتر کەسى یەکەمى ئەو حیزبە، ناوی کاندیدەکانی ڕاگەیاند، کە لە نێویاندا کەمال موسلیم هەیە، کە وەزیری ئەوقاف بوو لە کابینەی هەشتەم و بۆ ئەم کابینەیەش کاندیدکراوە بۆ پۆستی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی. . دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەو ناوانە، لە ئێستادا گۆڕانخوازانی هەولێر، دەنگی ناڕەزاییان لە بەرامبەر کاندیدێكی شارەکەیان بەرزکردووەتەوە، کە ئەویش کەمال موسلیمی وەزیری ئەوقافی کابینەی هەشتەمە. . چالاکی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند، بڕیار بوە پۆستەکە بەر ئەو بکەوێت و چانسی زیاتری هەبووە، بەڵام دواجار ڕێکخەری گشتی بڕیارەکەی یەکلا کردووەتەوە. . ئەو ئەندامەى جڤاتى نیشتیمانى نەیشاردەوە، کە نیگەرانی و توڕەیی دروستبووە لەسەر ئەو بڕیارە، بەڵام هەرچی بێت، ئەوان پابەندن بە بڕیاری حیزبەکەیان و رێکخەری گشتییەوە. . ناس کورد زانیویەتی نزیکەی 200 واژوو لە مەکۆی هەولێری ئەو بزوتنەوەیە دژی بڕیارەکەی ڕێکخەری گشتی کۆکراوەتەوە، پاشان ڕادەستی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی کراون، بەڵام بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەرپرسانی گۆڕانیشەوە لە گردەکە، نەتواندراوە کێشەکە چارەسەر بکرێت. . هەرچەندە دەنگۆی کشانەوەی کەمال موسلیم لە وەرگرتنی پۆستی وەزیری بازرگانی بڵاوکرایەوە، بەڵام کەمال موسلیم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و لە لێدوانێکدا بۆ ناس کورد جەختی لەوە کردەوە، پابەندی بڕیاری حیزبەکەی و ڕێکخەری گشتی دەبێت. . کەمال موسلیم، نیگەرانی هەڵسوڕاوانى بزوتنەوەکەى دژ بە کاندیدکردنى بە ئاسایی ناوبرد، وتیشی: "بە بڕیاری حیزبەکەم بۆ ئەو پۆستە دیاریکراوم، هەروەها بە مافێکی سروشتی خۆمیشی دەزانم کە ئەو پۆستە وەرگرم". . بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، چەند ئەندام و هەڵسوڕاوێکی گۆڕان لە هەولێر، بەرامبەر بڕیارەکەی ڕێکخەری گشتی و گوێ نەگرتن لە داواکاری و ڕەخنەکانیان، تۆراون و چوونەتە ماڵەوە، تا ئێستاش وەڵامى یاداشتەکەیان نەدراوەتەوە. . ڕەخنەکانی گۆڕانخوازانی هەولیر بەرامبەر کەمال موسلیم بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە، کە ناوبراو ماوەی دوو ساڵە ئامادەی هیچ کۆبوونەوەیەکی حزبی نەبووە و بەشدارى چالاکییەکانى ئەو حیزبەى نەکردووە، لە بەرامبەردا کەمال موسلیم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوەو وتی: "بەردەوامم لە کاری حزبی و بۆ ساتێکیش دانەبڕاوم". . لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 30/9/2018دا بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان توانی 12 کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت و لەکۆی ئەو کورسیانەش، توانی تەنها یەک کورسی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەدەست بهێنێتەوە، لەکاتێکدا خولی پێشوو کە 24 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، لەو ژمارەیە شەش کورسییان لە هەولیر بوون. . .