گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد هۆکاری دیاریکردنی رێکخەر بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانی گۆڕان ئاشکرا دەکات

پەرلەمانتارێکی گۆڕان: ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن تەنها 20 ڕۆژ شەرعیەتیان ماوە

2019.07.05 - 19:15
پەرلەمانتارێکی گۆڕان: ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن تەنها 20 ڕۆژ شەرعیەتیان ماوە
ناس کورد- شەهرام عەزیز دەسەڵاتدان بە ڕێکخەری گشتی گۆڕان لەلایەن جڤاتی نیشتیمانی ئەو بزووتنەوەیەوە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانیان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و ئەندامێکی جڤاتی گشتیش دەڵێت: "جڤاتی نیشتیمانی نەیتوانیوە کاندیدەکان یەکلابکاتەوە بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە." . ئەمڕۆ هەینی 5ی حوزەیرانی 2019، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانی حزبەکەیان لەکابینەی نوێ کۆبوویەوە و تێیدا بڕیاردرا یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە بدرێتە دەست ڕێکخەری گشتی. . لەوبارەوە، هوشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی بەغدا ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و ڕایگەیاند: ڕێکخەر و خانەی ڕاپەڕاندن تەنیا 20 ڕۆژی دیکە شەرعیەتیان ماوە. . هوشیار عەبدوڵڵا نوسیویەتی: "بۆی گرنگ نییە چۆن پۆست دابەش دەکرێت، بەڵام ئەو رێکخەر و خانەی ڕاپەراندنە تەنها 20 رۆژی دیکە شەرعیەتیان ماوە و دەبێ روئیایەکی نوێ قیادەی گۆڕان بکات." . ناس کورد پەیوەندیکرد بە چەند کاندیدەکانی گۆڕان بۆ پۆستە حکومییەکان، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەوبارەوە بدەن. . هاوکات خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هەموو حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی، کەسێک سەرکردایەتی دەکات و بڕیار بەدەستی یەکەمە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، کاک عومەری سەید عەلیش بڕیاربەدەستی یەکەمە لە گۆڕاندا ودەتوانێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، لەبەر چەند هۆکارێکیش ئەو بریارە دراوە". . ئەو بەرپرسەی گۆڕان پێیوایە، بەهۆی کێشە و ناکۆکی لەناو جڤاتی گشتیدا بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکان، دوای ئەو هەموو کۆبوونەوەیە نەتوانراوە کاندیدەکان یەکلابکرێنەوە و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بڕیارەکە دراوەتە دەست ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە. . بە وتەی خەلیل سەرکانی، هۆکارێکی دیکەی ئەو بڕیارە ئەوەیە، کە جڤاتی نیشتیمانی خۆی لە هەندێ کێشە بەدوور بگرێت، بەتایبەت دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو، کە هەندێک لە بەرپرسەکانی گۆڕان، بزووتنەوەکەیان جیێهێشت. . بڕیارەکە لەکاتێکدایە، ڕێکخەری بزووتنەوەکە و خانەی ڕاپەڕاندن لە 25ی ئەم مانگەدا ماوەی کاردنیان بەسەر دەچێت و شەرعیەتیان نامێنێت، ئەمەش بووەتە جێگەی ڕەخنە. . بڕیارەکەی جڤاتی نیشتیمانی لەکاتێکدایە، پێشتر بڕیاریاندا کە بە دەنگدان و لە جڤاتی نیشتیمانی کاندیدەکانیان یەکلا بکەنەوە، بۆ ئەوەی دیاریکردنی کاندیدەکان لە دەستێوەردانی خانەی ڕاپەڕاندن دووربخەنەوە. .