گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حزبەکەی عەبادی: بڕیارەکەی حکومەت لەبارەی حەشدی شەعبی با پێشمەرگەش بگرێتەوە

2019.07.02 - 21:26
حزبەکەی عەبادی: بڕیارەکەی حکومەت لەبارەی حەشدی شەعبی با پێشمەرگەش بگرێتەوە
ناس کورد هاوپەیمانی نەسری سەر بە حیدەر عەبادی داوادەکات، بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدی کە لەبارەی حەشدی شەعبییەوە دەریکردووە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش بگرێتەوە. . ئەمڕۆ، سێشەممە 2ی تەمموزی 2019، هاوپەیمانی نەسر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پشتگیری لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن کە دەربارەی حەشدی شەعبی دەریکردووە. . لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانی نەسر  ڕەخنەى لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق گرتووە، کە بڕیارێکی کابینەی پێشووی خۆی لەسەر ئەو پرسە جێبەجێ نەکردووە و بڕیارێکی نوێی لەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکردووە. . هاوپەیمانی نەسر ئاماژەی بە بڕیارەکەی کابینەی پێشوو بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی داوە کە لە 3ى تەمموزی 2018، بەپێى فرمانی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراندووە و خستویەتیە سەر دامەزراوەکانی حکومەت. . لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتوو، سەرەڕای ئەوەی پشتگیری لە بڕیارەکەی حکومەت دەکەین، بەڵام جەختیشدەکەینەوە، دەبێت بڕیارەکە هێزەکانی پێشمەرگەش بگرێتەوە و بە هەمان یاسای ڕێکخستنەوەی دەستەی حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگەش لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی ڕێکبخرێتەوە. . عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە فرمانێکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریداوە، لە ماوەی مانگێکدا سەرجەم بارەگاکانی سەر بەحەشدی شەعبی هەڵوەشێنەوە و بخرێنە سەر سوپای عێراق. .