گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە؟

پێشمەرگە شەڕى پەکەکە دەکات؟ [تایبەت]

2019.07.02 - 14:45
پێشمەرگە شەڕى پەکەکە دەکات؟ [تایبەت]
ناس کورد- شەهرام عەزیز بۆردومان و لەشکرکێشى سوپاى تورکیا بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان پێى ناوەتە قۆناغێکى تر و زیادى کردووە و چاودێرانى سیاسیش بەرکەوتنى هێزەکانى تورکیا و گەریلاکانى پەکەکە لە قەندیل، بەدوورنازانن. . هەرچەندە لەشکرکێشییەکەى سوپاى تورکیا دژ بە پەکەکە لە دەڤەرى خواکورک دەستى پێکردووە، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد تورکیا لەو ناوچەیەوە هەوڵى جێ قایمکردنى خۆى دەدات و کار بۆ دروستکردنى هەرێمێکى سەربازى و لۆجستى لە خواکورک دەدات، تا لەوێوە زەمینەى هێرشکردنە سەر قەندیل، خۆش بکات. . هەرچەندە بەرپرسانى وەزارەتى پێشمەرگە رەتیدەکەنەوە پێشمەرگە بەشدارى لە شەڕى چاوەڕوانکراوى نێوان سوپاى تورکیا و گەریلاکانى پەکەکەدا بکات، بەڵام هیچ گرەنتییەک بۆ تێوەگلانى هەر نەبێت بەشێکى هێزەکانى پێشمەرگە لەو شەڕەدا نییە بەتایبەتى کە لە نەوەدەکاندا هێزەکانى پێشمەرگە و پەکەکە رووبەڕووى یەک بوونەوە و شەڕ روویدا. . وەزارەتى پێشمەرگە: هیچ هێزێکمان لەسنورى ناوچەکانى پەکەکە و سوپاى تورکیا، نییە   . جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، وەزارەتى پێشمەرگە هیچ هێزێکیان لەو ناوچانە نییە کە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی تورکیای لێیە و ئاگاداری پلانە سەربازییەکانیان نین، بۆیە ناتوانن هیچ شتێک لەبارەیەوە بڵێن. . ناوبراو رەتیکردەوە لەبارەى ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەنێوان تورکیا و پەکەکە و بەشدارى پێشمەرگە  لەو شەڕە چاوەڕوانکراوەدا لێدوان بدات. . بەگوێرەى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستانیش، بۆ بەشداریکردن و جوڵە پێکردنى هێزیش تەنها نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمی کوردستان دەسەڵاتى ئەو کارەى هەیە. . فەرماندەیەکى سەربازى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەو بارەیەوە راى جیاوازى هەیە و باسکردن لە ئەگەرى روودانى شەڕى سوپاى تورکیا و پەکەکە لە قەندیل بە پلانى ئێران دەزانێت بۆ داگیرکردنی ڕێگەیەکی بازرگانی لەو ناوچەیەدا و بە باشیشی دەزانێت پەکەکە بچێت لە باکوری کوردستان خەباتی خۆی بکات. . فەرماندەیەکى پارتى: با پەکەکە بچێت لە باکوری کوردستان خەباتی خۆی بکات. . تارق جاف، فەرماندە لە وەزارەتی پێشمەرگە لە پشکی پارتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێران پلانی داناوە بۆ ئەو شەڕە، بۆ ئەوەی لە دوای شەڕەکە هێزێکی ئێرانی بە ناو عێراقی لەو ناوچەیە جێگیر بکات و ئێران دەیەوێت بیکاتە ڕێڕەوێکی بازرگانی بۆ خۆی، ئەگەر شەڕیش ڕووبدات پێموانییە پێشمەرگە بەشداری بکات". . "من ئەم قسەیە دەکەم دڵنیام دەڵێن ئەوە پارتییە بۆیە وادەڵێت، بەڵام ئەم شەڕە هی هەرێم نییە و بە هەرێمی دەفڕۆشن، ناکرێت هێندە بە هەست و سۆز بیربکەینەوە، لە ڕاستیدا پێویستە پەکەکە ئەو سنورە چۆڵ بکات و بچێت لە باکوری کوردستان خەبات بکات، بەڵێن بێت بە هەمووشێوەیەک پشتگیرییان بکەین"، ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە وای وت. . عێراق لە ڕووی دەستورییەوە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بە سنوری خۆی دەزانێت و زۆرجار ئیدانەی بۆردومانەکانی تورکیای کردووە، لە بەرامبەردا چەند جارێک بە ئامانجگرتنی تورکیایان لەلایەن پەکەکەوە لە خاکی عێراقەوە ڕەتکردووەتەوە. . تەها حەمەدەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی وت:"هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان  و دروستکردنی سوپا لە خاکەکەیدا، شکاندنی سەروەری عێراقە و پێموانییە عێراق هەرگیز ئەوە قبوڵ بکات، بەتایبەتی کە ئێستا پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی باشدایە". . وتیشی، ئەگەر تورکیا بیەوێت کارێکى لەو جۆرەش بکات، دەبێت بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق بێت، کە مەحاڵە عێراقیش بەوە ڕازیبێت لە ئێستادا کە ناوچەکە مەترسی شەڕی ئێران و ئەمریکای لەسەرە، شەڕی تورکیا و پەکەکەش تووشی خۆی بکات. . بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، پێویستە پەکەکە دۆخی هەرێم و هاوڵاتیان لەبەرچاو بگرێت و سنورەکان نەبەزێنێت و پێویستە لایەنە کوردییەکانیش لەگەڵ پەکەکەدا گفتوگۆ بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە. . بەوتەى بەرپرسانى ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەى کە نزیکن لە (پەکەکە) و لە هەرێمى کوردستان بە تایبەت لە پارێزگاى سلێمانى بارەگایان هەیە و چالاکى سیاسى دەکەن، هاوکات لەگەڵ لەشکرکێشییەکەى ئەمجارەى سوپاى تورکیا لە هەرێمى کوردستان فشار بۆ سەر چالاکییەکانیان توندتر بۆتەوە و تەنانەت رێگەیان نادەن گردبوونەوەى جەماوەرى بۆ ئیدانەکردنى هێرشەکانى تورکیا، ئەنجام بدەن. . تەڤگەرى ئازادى: ڕێگە بە ڕێپێوانمان نادەن و مۆڵەتمان پێنادەن  . تارا حسێن، وتەبیژی تەڤگەری ئازادی بە ناس کوردی ڕاگەیاند،لە سەرەتای دروستبوونیانەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکراوە، بەڵام لەو ماوەیەی ڕابردوودا ڕێگرییەکان لە بەردەمیاندا زۆر زیاتربوون، بەشێوەیەک بارەگاکانیان داخران و تەنانەت ڕێگە بە ڕێپێوانیشیان نادەن و مۆڵەتیان  پێنادەن. . تارا حسێن، هاوڵاتیانی هەرێمى لەوە ئاگادار کردەوە کە "چاوەڕێى ئەوە نەبن حکومەتی هەرێم لە هێرشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم بیانپارێزێت و وەڵامی هەبێت". .