گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کارەبای دهۆک لە پارێزگاکانى تر کەمترە.. کارەباکەى دەدزرێت؟ [تایبەت]

2019.07.01 - 13:19
کارەبای دهۆک لە پارێزگاکانى تر کەمترە.. کارەباکەى دەدزرێت؟ [تایبەت]
ناس كورد - عه‌مار میرداڤی ڕۆژی دووشەممە، 29ی حوزەیرانی 2019، وەزارەتى کارەبا ڕونکردنەوەیەکى لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ پارێزگاکانى هەرێم بڵاوکردەوە کە بە تێکڕا 19.46 کاتژمێر کارەبا دراوە بە پارێزگای سلێمانی، 18 کاتژمێر دراوە بە هەولێر، بەڵام تەنها 14 کاتژمێر کارەبا دراوە بە دهۆک. . بەپێی بەدواداچوونێکى ناس کورد لەبارەى کەمی کاتژمێرەکانی کارەبا لە پارێزگای دهۆک، دەرکەوتووە زیاتر لە 150 مێگاوات کارەبا لە پشکی دهۆک دەدزرێت. هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە مانگی ڕابردووەوە 150 مێگاوات کارەبا لە دهۆک لە هێڵی گواستنەوەى کارەبای نیشتمانی دزراوە، دزینی کارەباش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەیە." . له‌باره‌ی چۆنیەتی دزینی كاره‌با، هێڤیدار ئەحمەد وتی، "هه‌ندێ كه‌س لە سنوری پارێزگاکە کە زۆربەیان باخیان هەیە کارەبا دەدزن." ئەوان بەڕێگەى نایاسایی و لە هێڵە سەرەکییەکەوە کارەبا دەبن. ئەو وتیشی، پێویسته‌ ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك ئیش لەسەر ئەو بابەتە بكات و كاره‌با له‌و كه‌سانه‌ ببرێت بیگەڕێنێتەوە بۆ خه‌ڵك، ئەگەر وابکات کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای دهۆکیش دەبێتە 18 بۆ 19 کاتژمێر. . هێڤیدار ئەحمەد وتیشی، وێستگەکانی کارەبای هەولێر و سلێمانی بە غازی سروشتی کاردەکان، بەڵام وێستگەکانی دهۆک بە گازوایل کار دەکەن، هەرچەندە ئێستا ڕۆژانە ملیونێک و 500 هەزار لیتر گازوایل بۆ وێستگەی کواشی دابین دەکرێت بەڵام بەپێی پێویست نییە. ناس كورد چەندینجار پەیوەندی بە بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆك كرد به‌ڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە. . هاوکات سیپان ئامێدی، په‌رله‌مانتاری فراكسیونی نه‌وه‌ی نوێ له‌ پەرلەمانی کوردستان به‌ ناس كوردی وت، "لە سەرەتای مانگی ڕابردوو، بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆکمان کرد بۆ نوسینگەى پەرلەمان و باسمان لە گلەیی هاوڵاتیان کرد لەبارەى کەمی کارەباوە." دەشڵێت، "دەرکەوت وێستگەی کواشی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای تەواوی بۆ دهۆک هەیە بەڵام پێویستی بە گازوایلە." سیپان ئامێدی وتیشی، "بێگۆمان له‌ دهۆك كاره‌با ده‌دزرێت به‌ڵام نازانم رێژه‌كه‌ی چه‌نده‌." . لەلایەکی ترەوە، عه‌بدولسه‌مه‌د تیلی عومه‌ر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی سوته‌مه‌نی و پیشه‌سازی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك به‌ ناس كوردی وت، "شتێکمان نییە بە ناوی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و وەزارەت ڕاست ناکات، وەزارەت ناتوانێت زیاتر لە 350 بۆ 370 مێگاوات كاره‌با بۆ دهۆك دابین بكات له‌ كاتێكدا دوو ملیۆن مێگاوات كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بەرهەمدەهێنرێت." عه‌بدولسه‌مه‌د تیلی عومەر وتیشی، "بۆ دەبێت جیاواز هەبێت لە پێدانی کارەبا بۆ پارێزگاکان، ماوەیەک پێش ئێستا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌روك وه‌زیرانی پێشووی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا به‌ دابینكردنی بڕی ملیونێك و 200 هەزار لیتر گازوایل له‌ ڕۆژێكدا بۆ به‌رهه‌مێنانی كاره‌با له‌ پارێزگای دهۆك به‌ڵام ئه‌وه‌ش جێبه‌جێنه‌كرا،لە ئێستادا ته‌نیا 500 هەزار لیتر به‌ وێستگه‌ی كواشی ده‌درێت .