کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- میدیای نزیک لە پەکەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دامەزراندنی "هێزی پاراستنی جەوهەریی باشوری کوردستان"ـی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا کەسێک بەناوی فەرماندەى هێزەکەوە ڕاگەیەنراوێک دەخوێنێتەوە و دەڵێت، "پێگەی هێزە داگیرکەرەکان لە باشووری کوردستان دەکەینە ئامانج". . لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "لە تەواوی ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی تەعریب کردن و تاڵانکردن و کوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییان مەدەنی دەستی پێکردووە. لە هەمان کاتدا دەوەڵەتی عوسمانیی نوێ داگیرکارییەکی نوێ لەسەر گشتی کوردستان و بە تایبەتی هەرێمەکانی برادۆست و کەرکووک و بادینان بەڕێوە دەبات، بەداخەوە چەند هێزیکی باشووری کوردستان بۆ ئەم داگیرکارییە نوێیە هاوکارن و بێ هەڵوێستن، بۆ تاڵانکردنی بەها و کلتور و فەرهەنگ و لەسەروی هەموویانەوە ئابوری و جوگرافیای باشووری کوردستان ." . ئاماژە بۆئەوەش دەکات، "لەم چورچێوەیەدا ئێمە وەک (هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی باشووری کوردستان) لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسی و سەربازییەدا دروست بووین، کە لە هەرێمەکەدا هەیە و ئامانجمان پاراستنی بەها و کولتور و دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بە تەواوی پێکهاتە و ئایین و باوەڕە جیاوازەکانەوەیە." . دەشڵێت، "لێرەشەوە داوا لە هیزەکانی پێشمەرگە دەکەین لەسەر ڕێبازی شەهید مامە ریشە، شەهید ئارام و لەیلا قاسم و تەواوی شەهیدانی گەلەکەمان بێن شان بە شانی یەکتر کوردستان لە دەستی داگیرکەران بپارێزین. داواش لە دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین چیتر ڕێگە بۆ داگیرکاری خۆش نەکەن و دووبارە توانایان بخەنە خزمەتی گەل." .