ناس کورد-
وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی ڕەتیکردەوە لە ژێر فشاردا ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتیدا کردبێت و ڕاشیگەیاند، تا ئێستا وردەکاری و ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی بۆ کادر و ئەندامانیان ئاشکرا نەکردووە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبارەی ڕێککەوتنەکەی دوێنێیان لەگەڵ پارتیدا ڕایگەیاند: "تا ئێستا بەتەواوی ناوەڕۆک و وردەکاری ڕێککەوتنەکەمان بۆ کادر و ئەندامەکانمان ئاشكرا نەکردووە و لە داهاتوودا هەمووان دەزانن لەسەر چی ڕێککەوتووین".
لەتیف شێخ عومەر ڕەتیشیکردەوە لەژێر فشاری پارتیدا ڕێککەوتنییان کردبێت و وتی: "بەهیچ شێوەیەک لە ژێر فشاری هیچ لایەنێکدا ڕێککەوتنمان نەکردووە و ڕێککەوتن واتە ڕازیبوونی هەردوولا نەوەک لەژێر فشاردا بوبێت".
سەبارەت بە هەردوو پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی (داد)ی عێراق، وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد: "بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە ڕابردوودا لە بەرواری 4ی ئازار لە نێوان هەردوولادا ئەنجامدرا، ئەو پرسە دراوەتە دەستی کاک کۆسرەت ڕەسوڵ و کاک مەسعود و ئەوان یەکلایی دەکەنەوە".
یەکێتی تا ئێستا کاندیدەکانی پۆ ئەو پۆستانەی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم وەریدەگرن، دیاری نەکردووە، لەوبارەیەوە وتەبێژەکەی یەکێتی وتی، ئەو پرسەیان یەکلایی نەکردۆتەوە.