گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

سعودیە دەروازەیەكی سنوری نوێ‌ لەگەڵ عێراقدا دەكاتەوە

پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە دەچنە قۆناغێکی نوێوە

2019.04.04 - 13:04
پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە دەچنە قۆناغێکی نوێوە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 وەزارەتی دەرەوی عێراق رایدەگەیەنێت وڵاتی سعودیە دەروازەیەكی سنوری نوێ لەگەڵ عێراقدا دەكاتەوە و عێراقیش بۆ یەكەمجار كونسوڵخانەیەك لە شاری دمام لە وڵاتی سعودیە دەكاتەوە.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارتی دەرەوەی عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "عێراق و شانشینی سعودیە ڕێككەوتون لەسەر كردنەوەی دەروازەیەكی سنوری نوێ‌ لە نێوان هەردوولا لە ناوچەی 'جمیمە' كە دەكەوێتە باشوری عێراق، بەم نزیكانەش عێراق كونسوڵخانەیەک لە شاری 'دمام' لە وڵاتی سعودیە دەكاتەوە".

وتەبیژەكەی وەزارەتی دەرەوی عێراق ئەوەشی ڕوونكردەوە، هەردوو وڵات لە ئێستادا بە نیازن تاووتوێی ڕێککەوتنێکی 26 خاڵی بکەن، هەندیك لە و خاڵانە لەسەری ڕێككەوتون وهەندێكی تریشیان وتوێژی زیاتری لە سەر دەكرێت.

"ئەو ڕیککەوتنانە لە بارەی، هاوكاری سەربازی و هەواڵگری، پارستنی سنور، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بنبڕكردنی سپیكردنەوەی پارە، ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی بازرگانی مادە هۆشبەرەكان، ڕاهێنانی هیزە ئەمنییەكانی عێراق و پەرپێدانی كەرتی وەبەرهێنان لە عیراقدا، واژوو دەکرێت" ئەحمەد سەحاف وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەولەویاتی" سعودیە لە عیراقدا زیاتر ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارانەیە كە له ئەنجامی شەڕی داعشدا وێران بوون.

لەلایەکی ترەوە وڵاتی سعودیە بڕیاری داوە سێ کونسوڵخانە لە عێراق بکاتەوە، بەڵام وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا شوێنی کردنەوەی ئەو کونسوڵخانانە دیاری نەکراوە.

وەزیری بازرگانی سعودیە ئەوەی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە وڵاتی سعودیە کونسوڵخانەی خۆی لە شاری بەغداد بكاتەوە و دەستبكات بە پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیانی عیراق.