گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق ڕونکردنەوە بڵاو دەکاتەوە

بڕیارێکی پاسپۆرتی سلێمانی ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

2019.04.04 - 09:29
App store icon Play store icon Play store icon
بڕیارێکی پاسپۆرتی سلێمانی ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، ئەو هاوڵاتیانەی دانیشتووى هەردوو قەزای سەیدسادق و شارەزورن، پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتى پاسپۆرتى هەڵەبجە مامەڵەى پاسپۆرت ئەنجامبدەن، لە بەرامبەر ئەو بڕیارەشدا بەشێک لە هاوڵاتیانی سەیدسادق ناڕەزاییان دەربڕیوە.

 

لە ڕاگەیەندروێکدا بەڕێوەبەرایەتى پاسپۆرتى سلێمانى رایگەیاندووە، پێویستە ئەو هاوڵاتیانەی دانیشتووی سنوری پارێزگاى هەڵەبجەن کارتى زانیارییان سەر بە هەڵەبجە، ‏سیروان، خورماڵ، بیارە، سەیدسادق، شارەزوور و بەمۆ-یە، بۆ لەمەودا لە پاسپۆرتى هەڵەبجە کاری مامەڵەى ‏پاسپۆرت ئەنجامبدەن.

 

بڕیارەکەی پاسپۆرتی سلێمانی بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی لای بەشێک لە دانیشتوانی شاری سەیدسادق، پێیانوایە ئەوان پێشتر پارێزگای سلێمانیان هەڵبژاردووە و سەر بەو پارێزگایە بوون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەڵێن، "ناکرێت ئێستا سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بن، دەشڵێن پێویستە خەڵک خۆی ئازاد بێت لەوەی لە کوێ پاسپۆرت دەردەکات".

 

ناڕەزاییەتییەکانی خەڵکی سەیدسادق لەڕێگەی گروپێکەوەیە، کە هەفتەیەکییان داوە بە بەرپرسانی شارەکە، "ئەگەر بڕیارەکەی پاسپۆرتی سلێمانی  ڕەتنەکەنەوە، ئەوا هەڵوێستی توندیان دەبێت".

لە لایەکی ترەوە لە ڕوونکردنه‌وەیەکدا قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق ڕایگەیاندووە: "هه‌موو لایک دڵنیا ده‌که‌ین، که‌ قه‌زای سیدسادق له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانیە و به‌ بڕیاری که‌سێک یان حیزبێک یان وه‌زاره‌تێک ناتوانرێت به‌ ئاسانی بخرێته‌ سه‌ر پارێزگایه‌کی تر".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەی قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق-دا سەبارەت بە دەرهێنانی پاسپۆرت هاتووە، بۆ هاوڵاتیانی قه‌زاکه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ئاره‌زوو مه‌ندانه‌یه،‌ له‌ هه‌ر شارێک بێت ده‌توانن به‌ پێی یاسا ببنە خاوه‌نی پاسپۆرت، "ئه‌گه‌ر هاتوو کرا به‌ ئیجباری، وه‌ک ئیداره‌ی ئه‌م قه‌زایه‌ سکاڵای یاسایی له‌ سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندی دار به‌و بابه‌ته‌ تۆمار ده‌که‌ین".

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پاسپۆرتی سلێمانی، سەبارەت بە ناوچەکانی دیکەی هەرێم، بەپێی شوێنى جوگرافى و ‏کارتى زانیاى (بطاقة سکن) پێویستە هاوڵاتیان سەردانى نوسینگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى پاسپۆرت بکەن لە پارێزگاى سلێمانی.

 

بەڕێوەبەرایەتى پاسپۆرتى سلێمانى راشیگەیاندووە، ئەو هاوڵاتیانەى دانیشتووى سنورى ئیدارەى گەرمیان-ن کارتى زانیارییان سەر بە، کەلار، کفرى و دەربەندیخانە، لە قەزای کەلار دەتوانن مامەڵەى کاری پاسپۆرت بکەن. ‏

هەروەها دانیشتووى سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین کارتى زانیارییان سەر بە، ڕانیە، قەڵادزێ، ‏پشدەر، کێوەڕەش، سەنگەسەر، چوارقوڕنە، حاجیاوا، خدران و بنگردە، لە ڕانیە دەتوانن مامەڵەى پاسپۆرت بکەن .