گه‌ڕان

Shadow Shadow

کۆرۆنا لە نەخۆشییەکی تێپەڕەوە بەرەو پەتا دەچێت، ئێستە چی بکەین؟

2020.03.05 - 20:54

ناس بیروڕا - ئالان م نوری    پاش ئەوەی یەکەم حاڵەتی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی دەرکەوت کە پێناچێت بەهۆی سەفەرەوە بۆ دەرەوەی وڵات تووشی بووبێت، و دوای ئەوەی دەرکەوت هەر لە خانەوادەکەیدا دوو کەسی دیکە هەن کە تووش بوون بێ ئەوەی ئەوانیش سەفەری دەرەوەیان کردبێت، ئیتر لەمەودوا کۆرۆنا لە کوردستان و عێراقدا تەنها نەخۆشییەکی تێپەڕ نییە کە لە سنوورەکانەوە رابگیرێت. لەمەودوا لە عێراقدا کۆرۆنا پەتایە.  واتە ئێمەش وەک زۆربەی وڵاتان کە کۆرۆنایان تێدا دەرکەوتووە، لەمەودوا ناتوانین بە تەنها لە رێی توندوتۆڵ کردنی سنوورەکان و تێستکردنی ئەوانەی کە دەگەڕێنەوە و گلدانەوەی گومانلێکراویان، بە تەنها، بەر بەم پەتایە بگرین. ،

کێ تێست بکەین؟

، لەمەولا کرداری تێستکردن دەبێت لە لایەن دەسەڵاتە تەندروستییەکانەوە بە سەدان جار لە ئاستی ئێستای زیاتر بکرێت. لە قۆناغی یەکەمدا دەبێت هەموو ئەو خەڵکانە بگرێتەوە کە نیشانەکانی ئەنفلوەنزای سەختیان تێدا بەدی دەکرێت، و لە قۆناغی دووەمدا دەبێت تیمی پشکنینی پزیشکی روو بکەنە هەموو ئەوشوێنانەی قەرەباڵغییان تێدایە، تەنانەت سەیارە لە جادە قەرەباڵغەکان راگرن  و پلەی گەرمیی خەڵک بە هەمان شێوەی ئێستای خاڵە سنوورییەکان وەرگرن و ئەوانەی گومانیان لێدەکرێت دەبێت دەسبەجێ جیا بکرێنەوە.     ،

گومانلێکراوان و تووشبوان لە کوێ گل بدرێەنەوە؟

، پێش هەموو شتێک، ئەگەر هاتوو ئاستی تێستکردن بە پێی پێویست بەرز بکرێتەوە، ئەوا شتێکی چاوەڕوانکراوە کە ژمارەی سەلمێندراوی تووشبوان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زۆر زیاد دەکات. ئەوەش دەبێت لە خەڵک بگەیەنرێت کە شتێکی چاکە و نیشانەی سەرکەوتنی تێستەکانە، نەک مایەی دڵەڕاوکێ و ترس. لە حاڵەتی پەتادا، سیاسەت و تاکتیکی سیاسەتکاران دەبێت وەلا بنرێت و متمانە بە راست و دروستی زانیاری و کردوەکانی دەسەڵاتە تەندروستییەکان بەهێز بکرێت لە رێی راستگۆییان لەگەڵ خەڵکدا. ، ئەوجا دەبێت بڵێین لەگەڵ زیاد بوونی خێرای ژمارەی گومانلێکراوو و تووشبووانی سەلمێنراو، مەسەلەی گلدانەوەیان لە شوێنی تایبەت دەبێت بە مەحاڵ. دەزگا تەندروستییەکانی وڵاتانی زۆر پێشکەوتوو خەڵک لە ماڵی خۆیاندا گل دەدەنەوە و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە شوێنە تایبەتەکان پێشکەشیان دەکرێت، لە ماڵەکانیاندا پێشکەشیان دەکرێت. ،

ژیانی رۆژانەی خەڵک دەبێت بەرتەسک بکرێتەوە؟

، شێوازی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە رێی گواستنەوەی دڵۆپی هەڵمی هەناسەی خەڵکە بۆ یەکتر. واتە لێک نزیکی و قەرەباڵغی سەرچاوەی سەرەکیی گواستنەوەی ئەم پەتایەن. لە هەر شوێنێکدا خەڵک ناچار بێت لە ٣ مەتر کەمتر نێوانیان بێت لەگەڵ خەڵکی دیکەدا، ئەو شوێنە، زوو یان درەنگ، دەبێتە پێگەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە. ، دەسەڵاتە پزیشکییەکان لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ناچار دەبن سنوور بۆ هەموو ئەو جۆرە کردارانەی ژیانی رۆژانەی خەڵک دابنێن کە ئەو جۆرە لێک نزیکی و قەرەباڵغییە دروست دەکەن. ئەمە تا رادەیەک پەیتا پەیتا خەریکە دەبێتە شێوازی ژیانی رۆژانەی خەڵک و مایەی دەستخۆشیلێکردنی دەزگا تەندروستییەکانە لە کوردستان و عێراقدا، بەڵام...ئەم بەرتەسککردنەوەی ژیانی رۆژانەی خەڵک ئاکامی ئابووریی زۆر بەرچاوی لێدەکەوێتەوە و بژێویی رۆژانەی خەڵک و چالاکیی ئابووریی وڵاتەکە بەرەو ئاستتەنگی دەبات. کەواتە، بەرەنگار بوونەوەی ئاسەوارە ئابوورییەکانی هەڵمەتی دژە کۆرۆنا، ئەرکی سەرەکیی سەنتەرە سیاسییەکانی بڕیاردانە لە کوردستان و عێراقدا. تا ئەوانیش نەکەونە جووڵە، باری گرانی رێنماییە تەندروستییەکان پاڵ بە خەڵکەوە دەنێت بۆ سەرپێچی کردن لێیان، جگە لەوەی بەرتەسککردنەوەی بژێویی خەڵک چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە و خودی خۆی دەبێتە هۆکاری زیادبوونی تاوان لە کۆمەڵگادا. ،

لایەنی ئابووریی بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆنا

، ئەمانەی لە سەرەوە باسکراون، ئەگەر لە چوارچێوەی هەڵوێستی ئێستای هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لە بارەی رۆڵی ئابووریی حکومەت لێکی بدەینەوە، ئەوا وەکو خەیاڵپڵاو و خەو بینین دێتە پێش چاو. دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێم گیرۆدەی قەرزو قۆڵەی دەیان ملیار دۆلارن و لە ئەنجامی چەندین ساڵی گەندەڵی و هەڵوێستی ئابووریی هەڵەوە، سەدان ملیاری دیکەیان بە هەدەر داوە و زۆر کەمی ئەو هەموو ملیارانە بە ژیانی رۆژانەی خەڵک، نەک ئاغاکانمان، ەوە دیارە. ، باسکردن لە تێچوونی تێستی بەرفراوان و خزمەتگوزاریی سەدان هەزار ماڵانی گومانلێکراو و لەپاڵیشدا قەرەبووکردنی لانی کەمی ئەو زیانە ئابوورییانەی لە ئەنجامی رێنماییە تەندروستییەکان لە خەڵک دەکەون، و خێرا خستنەگەڕی توانای پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییە پزیشکییەکان بە چەندایەتیی ئەوتۆ کە لانی کەم سیناریۆی بەرەنگاریی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بۆ 1٪ هاووڵاتیان دابین بکات، هەموو ئەمانە بە رەچاو کردنی گەندەڵیی تاسەرئێسقانی سیاسەتمەدارانی ئەم وڵاتە، چەندین ملیار دۆلاری دیکەی لە سەروو قەرزە کەڵەکەبووەکانی عێراق و کوردستانی تێدەچێت. جگە لە تێچوونی دارایی، ئەم هەنگاوە پێویستی بە گۆڕینی رێڕەوی فەلسەفەی ئابووریی حکومەت هەیە.  ،

دۆگمای بازاڕی ئازاد دەوڵەتی چالاک لە دژایەتی کردنی کۆرۆنادا بەدەست ناهێنێت

، ئەوەی لە سەرەوە باسی لێوە دەکەین، جۆرێک لە فەلسەفەی ئابووریی دەوڵەت دەخوازێت کە سڵ لە دوو شت نەکاتەوە: یەکەم هەڵئاوسان و دووەم زیاد بوونی دەستتێوەردانی دەوڵەت لە کارو باری ئابووریدا. ، لەگەڵ رووخاندنی رژێمی سەددام، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە عێراق، جۆرێک لە فەلسەفەی ئابوورییان کرد بە قوڕگی سیستەمی سیاسیی عێراقدا کە بەشێکە لە دۆگمای نیۆلیبرال ی توندڕەو کە لە خودی ئەمریکادا، تەنانەت موحافیزکارەکان، بە قسە بڕوایان پێیەتی و بە کردەوە هەرچەند دەسەڵات دەگرنە دەست بە پێچەوانەیەوە کار دەکەن. لە سەردەمی برێمەرەوە سیاسەتی ئابووری دەوڵەت لە عێراقدا بریتی بووە لە راگرتنی نرخی دراو و کشاندنەوەی دەوڵەت لە چالاکییە ئابوورییەکاندا.  ، بە مەبەستی پەرشوبڵاونەبوونەوەی بیرۆکەکانی ئەم بابەتە ، ناچینە سەر چەوت و چێڵیی ئەم بیرکردنەوەیە، بەڵام بابەتەکە ئەوەندە دەهێنێت کە بڵێین لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەمەوە، لە دوای نووسینەکانی جۆن ماینارد کێینز ەوە، جیهانی سەرمایەداری گاڵتەی بەو فەلسەفە چەوتە ئابوورییە دێت و لە کاتی قەیرانی ئابووریدا دەوڵەت لە سەرمایەداریترین وڵاتی سەرمایەداریدا، بە ئەرکی خۆی دەزانێت هەموو قورسایی خۆی، ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت بخاتە گەڕ بۆ دەرباز بوون لە قەیران. لە کاتی قەیراندا، فەلسەفەی ئابووریی سەرمایەداریی باو گاڵتەی بە راگرتنی هەڵئاوسان و کێشانەوەی دەوڵەت لە چالاکی ئابووری دێت. بەرپرسانی ئابووریی هەرێم و عێراق، پێویستیان بەوەیە خێرا خۆیان کلابکەنەوە لەم بوارەدا. ئەرکی بەرەنگار بوونەوەی حاڵەتی پەتای کۆرۆنا چ لە بواری تەندروستی یان لە بواری ئابووریدا، پێویستی بە سەرفکردنێکی زۆر خێرا و فراوانی دارایی هەیە، هەروەها پێویستی بە خستنەکاری خەڵکێکی زۆرە بۆ ئەو کارانەی کە پێویستە بکرێن بۆ بەرەنگار بوونەوەی پەتاکە. بۆ نموونە: پێوستمان بە خەرجییەکی زۆرە لەسەر ژمارەی پێویستی کیتی تێست کردنی کۆرۆنا، پێویستمان بە دامەزراندن و راهێنانی دەیان هەزار پزیشک و کارمەندی تەندروستی هەیە، پێویستمان بە سەدان هەزار ژەمی خواردنی رۆژانەیە بۆ ئەوانەی کە لە ماڵەکانیاندا جیا دەکرێنەوە. هەروا پێویستمان بە سەدان ملیۆن دۆلارە بۆ قەرەبووی لانی کەمی زەرەری ئابووریی خەڵک. کاتێک کە دایەنگەیەک بە بڕیاری حکومەت دادەخەین، بۆ نموونە، دەبێت لانی کەمی بژێویی کارگێڕانی دایەنگەکان مسۆگەر بکەین….تاد ،

ئەو پارەیە لە کوێ بهێنین؟

، جارێکی دیکە بۆ ئەوەی لە جیهانی خەو و خەیاڵ بێینە دەرەوە دەبێت دان بەوەدا بنێین کە لە وەزعی ئێستای قەرزاریی حکومەت چ لە عێراق و چ لە هەرێمی کوردستاندا، پەیداکردنی چەند ملیار دۆلارێک کارێکی ئاسان نییە. ئەو پارەیە لە هەر لایەکیشەوە پەیدا بکرێت، بەبێ سوویەکی زۆر دەستەبەر نابێتت. زیادکردنی داهاتی حکومەتیش، بە تایبەتی ئەگەر لەسەر شانی دەرامەتی هاووڵاتیان بێت، لەڕێی زیاد کردنی باج و رسوومات، بۆ نموونە، کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت و قەیرانی ئابووری قووڵتر دەکاتەوە. کەواتە لەسەر ئاستی کورتخایەندا دوو چارەسەری بەردەست هەیە، یەکەمیان زیاد کردنی بڕی پارەی عێراقییە لە بازاڕدا کە لە بارودۆخی ئێستای عێراقدا چاپ کردنی پارە، بەردەستترین شێوازێتی، و دووەمیشیان قەرزی ناوخۆیە. ، چاپکردنی پارە یەکێکە لە خراپترین چارەسەرەکانی قەیران و دوا چەکە بەدەست دەسەڵاتی ئابووریی وڵاتانەوە، چونکە هەڵئاوسان و دابەزاندنی ئاستی بژێوی خەڵکی لێدەکەوێتەوە، بەڵام گەر بەشێوەیەکی کاتی بەکار بهێنرێت، هەڵئاوسان چالاکیی ئابووری دەبزوێنێت و بەروبوومی خۆماڵی لە ئاستی پێشبڕکێی بەروبوومی هاوردەدا بەهێز دەکات. ، قەرزی ناوخۆ لە رێگەی چاپکردنی سەنداتی قەرزی حکومەت دەبێت کە حکومەت دۆکۆمێنتێک چاپ دەکات تێیدا دەڵێت خاوەنی ئەم دۆکۆمێنتە، بۆ نموونە، 100 دۆلاری داوە بە حکومەت بەو مەرجەی ساڵی 2030 بدرێتەوە بە فایدەی 12٪ کە مانگانە کۆ بکرێتەوە. واتە دوای 10 ساڵ ئەو پارەیە بکاتە نزیکەی سی ئەوەندەی خۆی. لە هەمان کاتیشدا ئەو قەرزە بە قەرزی سیادی لە قەڵەم بدرێت و فرۆشی نەوتی داهاتووی عێراق ببێتە گارەنتی بۆی.  ، قەرزی ناوخۆی لەو جۆرە پارەی خەوتووی کۆکراوەی خەڵکی دەخاتە گەڕ و بۆ ماوەیەکی کاتی خەرجیی پێویستیی بەرەنگار بوونەوەی پەتای کۆرۆنا دادەپۆشێت. ئەم هەڵوێستەش بە رادەی سەرەکی دەبێت ببێت بە جێی رەزامەندی و پشتگیریی زۆربەی خەڵک لە وڵاتەکەدا. عێراق 38 ملیۆن کەسە،ئەرکی پەیدا کردنی 100 دۆلاری خەوتوو بۆ هەر نەفەرێکی عێراقی لە کۆمەڵگای عێراقدا کارێکی زەحمەت نییە، گەر متمانەی پێویست هەبێت. ئەوەش گەر روو بدات 3.8 ملیار دۆلار دەستەبەر دەکات بۆ ئەو هەڵمەتە و ئەوانەی پارەکە دەدەن ئەمساڵ، دە ساڵی دیکە ٣ ئەوەندەی پارەکەیان وەردەگرنەوە. ،  بەبێ هەڵوێستێکی لەو جۆرە زەحمەتە چاوەڕێی ئەوە بین دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم و عێراقدا بتوانن بە پینەوپەڕۆ بەرەنگاری ئەم پەتایە ببنەوە. ئەگەر چاوەڕێی رەزامەندی و جووڵەی خۆڕسکی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بین بە تەنها، ئەوا بێشێو سەردەنێینەوە. ئەم هەڵمەتی بەرەنگار بوونەوەی پەتایە پێویستی بە پاڵەپەستۆی بەردەوام و روو لە زیادبووی خەڵکە. خەڵکیش کاتی ئەوە هاتووە بێنە دەنگ.