گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

داوادەکرێت ڕیژەکەی زیاد بکرێت

بڕیارە ملیارێک دینار بدرێتەوە بە بەڵێندەرانی پارێزگای دهۆک

2019.04.03 - 21:00
بڕیارە ملیارێک دینار بدرێتەوە بە بەڵێندەرانی پارێزگای دهۆک

 

 

ناس کورد- عه‌مار میرداڤی

بڕیارە سبەی ملیارێک دیناری به‌ڵێنده‌رانی دهۆك بدرێتەوە، جێگری پارێزگاری دهۆکیش داوادەکات ڕێژەی دهۆک لە دانەوەی قەرزەکانی بەڵێندەران زیاد بکرێت.

عوسمان یونس جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ته‌كنیكی تایبه‌ت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "بۆ جاری پێنجەمە حكومه‌تی هه‌رێم قەرزەکانی به‌ڵێندەرانی سنوری پارێزگای دهۆك خه‌رج ده‌كات، سبەی 4/4 جارێکی تر ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی بڕی ملیارێک دینار ده‌كه‌ین بەسەر ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌ی پرۆژه‌كانیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە و کارەکانیان وەستاوە".

 

 جێگری پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، هه‌ر كۆمپانیایەک به‌ ڕێژه‌ی 16% قەرزەکەی وەردەگرێتەوە، کە 69 كۆمپانیای سنورەکە سودمەند دەبن، دەشڵێت، ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا بەڵێندەران تەواوی قەرزەکانیان وەردەگرنەوە.

"چه‌ندین جار نا‌ڕازیبوونی خۆمان گه‌یاندۆتە وه‌زاره‌تی دارایی هەرێم لەسه‌ر شێوازی دانه‌وه‌ی قه‌زره‌كانی به‌ڵێنده‌رانی سنوری پارێزگای دهۆك، چونکە لەسەر رێژه‌ی دانیشتوان ئه‌و قه‌رزانه‌ ده‌داته‌وه‌، ئه‌مەش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ ده‌بێت لەسه‌ر بڕی  قه‌زره‌كان بدرێتەوە" عوسمان یونس وای وت.

 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، لەو بڕە پارەی کە بۆ دانەوەی قەرزی بەڵێندەران دیاری کراوە، وەزارەتی دارایی ڕێژەی 24%ی بۆ دانەوەی قەرزی بەڵێندەرانی پارێزگای دهۆک دەستنیشان کردووە، بەڵام ئەو ڕێژەیە بە کەم دەزانرێت و داوادەکرێت زیاد بکرێت.