گه‌ڕان

Shadow Shadow

کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان، چی بکەین؟ چی نەکەین؟

2020.03.03 - 14:10

بیروڕا - ئالان م. نوری . سەرەڕای هەواڵی ناخۆشی گەیشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هەرێمی کوردستان، بەڵام چونکە خۆشبەختانە گەیشتنی پێمان ئەوەندە درەنگ کەوت، فریا کەوتین تاقیکردنەوەی کەڵەکەبووی زۆر وڵاتی جیهان ببینین. بە هیوای فێربوون لە هەڵە و کارە راستەکانی وڵاتانی دیکە، ئەم ئەزموونانەی خوارەوە دەخەمە روو: . دایمۆند پرینسێس بۆ بوو بە وڵات؟ . یەکەمین ئەزموونی هەڵە لە بواری بڵاوبوونەوەی زۆر خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەسەرهاتی کەشتیی گەشتیاریی (دایمۆند پرینسێس) ە کە دوای گەیشتنی هەواڵی بوونی ڤایرۆسەکە لە ناویدا، کاتێک کە کەشتییەکە لە کەنارەکانی ژاپۆن راگیرابوو، ژاپۆن بڕیاری دا، کە کەشتییەکە خۆی وەک  جیاکەرەوەی تەندرووستی بەکار بهێنێت. ئەمە بۆ خۆی هەڵەیەکی کوشندە بوو. لە ماویەکی زۆر کورتدا ژمارەی تووشبوان لەو کەشتییەدا بوو بە 705 کەس، لە گەلێک وڵاتی جیاجیاوەو، تا رۆژی نووسینی ئەم بابەتە، 6 کەسیان کۆچی دوایی کردوە. ئەمەش وای کرد کە ئامارەکانی ئەو کەشتییە وەک وڵاتێک مامڵەی لەگەڵدا بکرێت لە ئامارە جیهانییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.  . چی لەمەوە فێر بین؟ جیاکردنەوەی پزیشکی مانی وا نییە کە گومانلێکراوان بەبێ رێوشوێنی پاراستنیان لە یەکتر لە شوێنی جیاکردنەوەی پزیشکیدا پێکەوە کۆ بکرێنەوە. گومانلێکراو مافی ئەوەی هەیە لە کەیسە سەلمێندراوەکان بپارێزرێت. . ئێران و چین بۆ بوون بە پێگەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهاندا؟ . هەواڵی پەیدا بوونی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا کە دواتر بە CONVID-19 ناسرا و خەڵک بە ڤایرۆسی کۆرۆنای دەناسن لە کۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتای 2020 ەوە لەلایەن پزیشکان و زانایانی چینییەوە هەستی پێکراو بە پێی رێوشوێنی ئیداریی پێویست هەواڵەکەیان بە بەرپرسانی تەندروستی گەیاند. لە چیرۆکی یەکێک لە دکتۆرە بەتواناکانی شاری ووهان ەوە جیهان زانیی کە چ ئازایەتییەکی ویستووە تا دکتۆرەکان دەسەڵاتی سیاسیی چین بگەیەننە ئەو رادەیەی کە بە ئاشکرا بە جیهان رابگەیەنێت کە ئەو جۆرە تازەیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان پەیدا بووە. دەسەڵاتدارانی چین، لەبەر هەر هۆیەک بێت، کە پێدەچێت ترس بێت لە ئاکامە ئابوورییەکانی هەواڵی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوەندە هەواڵی بڵاوبوونەوەی فایرۆسەکەیان خەفەکرد کە یەکەمین راگەیاندنی ئەم ڤایرۆسە لە یەک کاتدا لە 4 وڵاتدا بوو. سەرەڕای ئەوەی کە لەوەتەی جیهانیان لێ ئاگادار کردۆتەوە، دەسەڵاتی سیاسیی چین زۆر بە توندی هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی پەتاکە دەدات و لە گەلێک ناوچەی چیندا ژمارەی تووشبوانیان گەیاندۆتە سفر، بەڵام لە ئەنجامی شاردنەوەی سەرەتای پەتاکە، تا ئەمڕۆ 79355 کەس لەو وڵاتە تووش بوون و 2837 یان گیانی لەدەست داوە. . ئێرانیش هەر وەک چین، بەڵام لەبەر هۆکاری سیاسی، هەواڵی گەیشتن و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەی خەفەکرد و وردە وردە ناچارە دان بەوەدا بنێت کە پەتاکە لە وڵاتەکەیاندا بە رادەیەک بڵاوە کە ئامارەکەیان ناگونجێت لەگەل ئاستی ئامارە جیهانییەکان. کار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی کە پێدەچێت رێژەیەکی ترسناکی ئەو خەڵکەی لە ئێرانەوە دەچنە هەر وڵاتێک پاش ماوەیەکی کورت بە هەڵگری ڤایرۆسەکە دەناسرێن. بەپێی ئەو گومانانە هەندێک لە زانایانی پەتاناسی پێیان وایە ژمارەی راستیی تووشبوان لە ئێران گەیشتۆتە دەیان هەزار کەس. . لەمەوە چی فێر بین؟ شاردنەوەی ژمارەی تووشبوان مایەی شانازیی هیچ سیستەمێکی سیاسی نییە. بگرە بە پێچەوانەوە، ژمارەی راست گەیاندن بە جیهان مایەی رێز و دەستخۆشییە. . تێکەڵکردنی بۆچوونی ئاینیی تایبەت بە سیاسەت و کولتووری مامڵەکردن لەگەڵ پەتادا . یەکێک لەو وڵاتانەی کە شێوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە تێیدا نائاسایی بوو، وڵاتی کۆریای باشوورە، کە سەرەڕای سەقامگیریی سیستەمی ئازادیی زانیاری و ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان تێدا، پەتاکە زۆر بە خێرایی تێیدا بڵاو بۆوە. دواتر دەرکەوت کە بەرپرسی ئەکەمی بەرەنگاربوونەوەی پەتا لە وڵاتەکەدا سەر بە گرووپێکی ئاینیی بچووکە کە پێیان وایە جیهان بەرەو ئاخر زەمان دەڕوات و تا ئەو رۆژە زووتر بێت، ئەوا زووتر بە بینینی رزگارکەری نوێنەری خودا دەگەن. بەپێی لۆری گارێت ی پسپۆڕی رۆژنامەوانیی تایبەت بە پەتا جیهانییەکان، ئەم تاکە کەسە لە رێی کارەکەیەوە تەگەرەی خستە بەردەرم کاری سیستەماتیکی پشکنین بۆ پەتا تا ئەو رۆژەی لەسەر کار لادرا. لە دوای ئەوەوە کۆریای باشوور ئێستە پێشەنگی وڵاتانی جیهانە لە پشکنینی سەرتاسەری بۆ تووشبوانی پەتاکە. . ترەمپ ی سەرۆکی ئەمریکایش، بێ ئەوەی خۆی هەڵگری هیچ بەهایەکی ئاینی بێت، لە چەندین کۆبوونەوەی جەماوەریدا بەڵێنی ئەوەی داوە کە لە مانگی نیسانەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا "لەڕیی موعجیزەوە" کۆتایی پێدێت، "هەروەک چۆن پەتای ئەنفلوەنزای ئیسپانی ساڵی 1918 لەگەڵ هاتنی بەهاردا کۆتایی هات" . ئەوەی کە ترەمپ نایزانێت و فێریشی نابێت ئەوەیە کە پایزی هەمان ساڵ ئەو پەتایە جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە و زۆرترین خەڵکی لە ئەمریکادا لە پایزدا کوشت. کاتێک سەرۆکی وڵاتێکی بەتوانای وەک ئەمریکا بە خەڵک دەڵێت ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ نییە و بە هاتنی گەرما و موعجیزە کۆتایی دێت، دەسەڵاتە پزیشکییەکان و هاووڵاتیان لە کاری پێویست سارد دەکرێنەوە. . لەسەر ئاستی عێراقیش کولتووری پارتە ئیسلامییە شیعییە دەسەڵاتدارەکان لەو جۆرەیە کە بڕوایان وایە لە ئێرانەوە لە خێر و بەرەکەت بەولاوە هیچ نایەت بۆ عێراق. ئەمە وای کرد کە بە زۆری خۆپیشاندانی خەڵک و دەستگرتنی خۆپیشاندەران بەسەر فڕۆکەخانەی نەجەف و خاڵە سنوورییەکان، ئەوجا بڕیاری خودی حکومەت بە نیوە ناچڵ جێبەجیکرا، ئێستەش بە تەواوەتی رێکارە تەندروستییەکان لە ئاستی هاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە ناگیرێتە بەر.     . لە ناو کۆمەڵگای کورستانیشدا کەم نین ئەوانەی تێگەیشتنیان بۆ دینداری بەو جۆرەیە کە ئەوان هیچ جۆرە رێوشوێنێکی تەندروستی لە کۆرۆنا نایانپارێزێت ئەگەر رەزی خودای لەسەر نەبێت. ئەمەش بەرەو ئەو بۆچوونە هەندێکیان بەو لایەدا دەبات کە دەڵێت رێوشوێنی تەندروستی نا، بەڵکو پاڕانەوە لە خودا دەمانپارێزێت.بێ گومان لە کاتی میحنەتێکی وەک پەتادا بوونی ئاستێک لە قەدەرییەت رەنگە نەک زیان نەبەخشێت، بەڵکو بەسوودیش بێت، بەڵام بە تایبەتی لەسەر ئاستی دەسەڵاتە پزیشکییەکاندا، ئەو جۆرە لە بیروڕای ئاینی توندڕەو مەترسییە بۆ سەر تەندروستیی گشتی. . پشکنین لە نێوان نموونەی ئەڵمانی و ئەمریکی دا . وەزیری تەندروستیی ئەمریکا کە خۆی پێشتر کاری لۆبی ی بۆ گەورە کۆمپانیاکانی بواری تەندروستی دەکرد بە مەبەستی درێژەدان بەو کارەی خۆی بۆ پۆستی ئەو وەزارەتە بردەپێش لە ترەمپ، لە سەرەتای تووشبوونی هەندێک لە هاووڵاتیانی ئەمریکاوە، خەریکی ئەوەیە کە ئەرکی پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەلایەن حکومەتەوە تەنها ببەستێتەوە بە کەیسە هاوردەکانەوە و دەیەوێت کەرتی تایبەت و لەسەر مەسرەفی کاری پشکنین بۆ هاووڵاتیان، ئەوانەئ کە لە دەرەوە نەهاتوونەوە و گومانیان لێکرابێت بخاتە ئەستۆی هاووڵاتیان خۆیان تا ئەم پەتایە بکات بە هۆکاری قازانج بۆ کۆمپانیای تاقیگە تایبەتەکان. ئەمە جگە لەوەی چاوچنۆکییەکی بێ هاوتایە، رێژەی پشکنینی لە ئەمریکادا بۆ ئاستێکی ترسناک کەم کردۆتەوە. بەرپرسی ئیداریی شارێکی هەرە گەورەی وەکو نیویۆرک سەرپێچیی لە رێنماییەکانی وەزیر راگەیاند و بڕیاری دا کە کاری پشکنین بە شیوەیەکی سیستەماتیکی فراوانتر بگرێتە ئەستۆی بودجەی شاری نیویۆرک. . لە بەرامبەر ئەم نمونە ئەمریکییە چاوچنۆکەش نموونەی گەشی سیستەمی تەندروستیی ئەڵمانیا هەیە کە داوا لە هەموو ئەو هاووڵاتیانەی ئەڵمانیا دەکەن کە شک لەوە دەکەن تووش بووبن، بێ ئەوەی لە ماڵ بچنە دەرەوە پەیوەندی بە دەسەڵاتە تەندروستییەکان بکەن و ئەوانیش تیمی پشکنین دەنێرن بۆ ماڵەکانیان تا لە ئەنجامی خۆگەیاندنیان بە خەستەخانەکان کەس تووش نەکەن. . هەرێمی کوردستان پێویستی بە گفتوگۆیەکی راشکاوانەی سەرجەم کۆمەڵگا هەیە دەربارەی سیستەمی تەندروستی و شێوازی گەیاندنی بە ئاستی بەرپرسیاری بەرامبەر بە گەیشتنی کۆرۆنا بە وڵاتەکەمان. پارەش هەموو کات تەنها وەڵامی هەموو پرسیارەکان نییە. وڵاتێکی فەقیرحاڵی وەکو ڤێتنام لە 16 حاڵەتی سەلمێندراوەوە گەیشتە سفر. بنەمای هەوڵەکانیشی کار بوو لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵگا. قسەش زۆر ماوە لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، بەڵام هیوادارم ئەم گفتوگۆیە بە زووترین کات دەستپێبکات.  .