گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەپێی پڕۆژەكەی پارتی و گۆڕان كەس ناتوانێت لێپرسینەوە لەسەرۆكی هەرێم بكات

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: لەگەڵ پارتیش رێكبكەوین لەبارەی سەرۆكی هەرێم بۆچوونی جیاوازمان دەبێت

2019.04.03 - 14:32
پەرلەمانتارێكی یەكێتی: لەگەڵ پارتیش رێكبكەوین لەبارەی سەرۆكی هەرێم بۆچوونی جیاوازمان دەبێت

ناس كورد-شۆڕش محەمەد

بەلای یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە هێشتا ئاسۆی ئەوە ماوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بگەنە رێككەوتن و بەوتەی پەرلەمانتارێكی ئەو حزبە، لەگەڵ پارتیش رێكبكەون سەبارەت بەسەرۆكی هەرێم بۆچوونی جیاوازیان دەبێت.

زیاد جەبار ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "هێشتا ئاسۆی ئەوە ماوە كە لەگەڵ پارتی بگەینە رێككەوتن و زۆر دوور نین لەرێككەوتن".

بەوتەی ئەو، كێشەی ئەم چەند رۆژەی نێوان پارتی و یەكێتی بابەتی رای جیاواز بووە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و روونیكردەوە ئەگەر لەگەڵ پارتی رێكبكەون بێگومان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەر بۆچوونی جیاوازیان دەبێت.

"وەك یەكێتی لەمەسەلەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم قسەمان هەیە و لەمیكانیزمی دیاریكردنی سەرۆكی هەرێم لەڕووی تەكنیكی جیاوازیمان هەیە" زیاد جەبار وای وت.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی بەپێویستی زانی لەهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەمبكرێتەوە و جەختی كردەوە "لەڕووی سیاسییەوە ئەو دەسەڵاتانەی سەرۆكی هەرێم هەیەتی قسەمان لەسەری هەیە و بەپێی پڕۆژە یاساكەی فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان هیچ كەسێك ناتوانێت لێپرسینەوە لەسەرۆكی هەرێم بكات بە پەرلەمانیشەوە".

بەوتەی زیاد جەبار ئەو جموجۆڵە سیاسیەی دوێنێ‌ (سێشەممە) یەكێتی بەر لەئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامیدا رۆڵی هەبوو لە دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەمڕۆ (چوارشەممە).