گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

نزیكبوونەوەیەكی زۆر لە نێوان پارتی و یەكێتی هەیە

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: پارتی بەرامبەر خواستەكانی یەكێتی نەرمی نواندووە

2019.04.03 - 11:24
پەرلەمانتارێكی یەكێتی: پارتی بەرامبەر خواستەكانی یەكێتی نەرمی نواندووە

ناس كورد-شەهرام عەزیز

بڕیارە ئەمڕۆ (چوارشەممە) پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواركردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات و هێشتا دیار نییە كە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەشداری دانیشتنەكە دەكات یان نا.
بەهمەن كاكە عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان،تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "تا ئێستا هیچ دەنگۆیەك نییە بۆ دواخستنی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ و دواخستنی دانیشتنەكەی دوێنێ-ش بەهۆی ئەوە بووە هەلێكی دیكە بدرێت بە یەكێتی و بڕیاری خۆی بدات".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، نزیكبوونەوەیەكی باش لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە و نزیكن لە رێككەوتن.

لەگەڵ ئەوەی باس لە نزیكبوونەوەیەكی زۆری پارتی و یەكێتی دەكرێت، بەڵام هیچ كۆبوونەوەیەكی فەرمی لە نێوان هەردوولادا بۆ گەیشتن بەرێككەوتن ڕانەگەیەندراوە، بەڵام یەكێتی بەچڕی كۆبوونەوەكانی ناوخۆی ئەنجام دەدات و بڕیارە ئەمڕۆ هەردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بە جیا كۆببنەوە، بۆ گەڵاڵەكردنی بڕیارێكی یەكلاكەرەوە.
باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە ناس كورد-ی وت"تا ئێستا بڕیارمان نەداوە بەشداری دانیشتنەكە بكەین یاخود نا، چاوەڕوانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتین تا لەو بارەیەوە بریار بدات".
بەوتەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی نزیكبوونەوەیەكی زۆر هەیە لە نێوان پارتی و یەكێتی و پارتی نەرمی نواندووە بۆ خواستەكانی یەكێتی بەتایبەتی بەشداری ڕاستەقینە لە حوكمڕانیدا.

وتیشی "مەرج نییە بڕیاردانی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی تەنها بە كۆبوونەوە بێت، هەردوولا بەردەوام لەرێگەی تەلەفۆن و نامە گۆڕینەوە لە پەیوەندیدان و ئەگەر بگەنە رێككەوتن ئەوا ئەمڕۆ ئێمەش بەشداری دانیشتنەكە دەكەین".
پەیوەست بەباسوخواسی نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی لەرێككەوتن، شەوی ڕابردوو هۆشیار زێباری تویتێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد "پارتی و یەكێتی لە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نزیكبوونەتەوە".