گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە

یەكێتی دوا هەڵوێستی خۆی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت

2019.04.03 - 08:27
یەكێتی دوا هەڵوێستی خۆی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت

ناس كورد-

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی بژاردەكانی بەردەم حزبەكە بۆ بەشداریكردن لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و دوا هەڵوێستی ئەو حزبە لەبارەی بەشداریكردن لەكابینەی نوێی حكومەتدا دەخرێتەڕوو.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "بۆ تاوتوێكردنی وەڵامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە و هەڵوێستی یەكێتی لەو بارەیەوە دەخرێتەڕوو".

لەدواهەمین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا چەند داواكارییەك ئاراستەی شاندی دانوستانكاری پارتی كرا بۆ بەشداریكردنی یەكێتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا و رۆژی دووشەممە وەڵامەكەی پارتی گەڕێنرایەوە بۆ یەكێتی و ئەو كات لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی ئەو حزبە رایگەیاند كە لەوەڵامەكەدا پارتی داخوازییەكانی یەكێتی جێبەجێ نەكردووە و هەر هەمان رۆژ شاندێكی یەكێتی دەستی كرد بە كۆبوونەوە لەگەڵ هەریەك لە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی لەشاری سلێمانی.

دوێنێ‌ (سێشەممە) لەكاتێكدا كە بڕیار بوو پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات بۆ خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، بەڵام لەنزیكی وادەی ئەنجامدانی دانیشتنەكە و بەبێ‌ دەستنیشانكردنی هۆكارەكەی دانیشتنەكە بۆ ئەمڕۆ (چوارشەممە) دواخرا.
یەكێتی لەسەر زاری وتەبێژەكەیەوە پێشوازی لەدواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەتیف شێخ عومەر لەو بارەیەوە وتی "خۆشحاڵین بەدواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمان‌و وەفدی یەكێتی لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی داواكاری و داخوازییەكانمان، ئامادەیە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان".

درەنگانێكی دوێنێ‌ شەویش، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی تویتێكی بڵاوكردەوە و جەختی كردەوە "گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەنێوان پارتی و یەكێتی زۆر نزیكە، بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان".
‌بەپێی زانیارییەكانی ناس كورد-یش، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر داوای بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی و بەشێك لە سەركردایەتی گۆڕان بە پێویستی زانیوە بۆ بەشداری یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت دەرفەتێكی دیكە بەو حزبە بدرێت، ئەوەش هۆكاری دواخستنی دانیشتنەكەی پەرلەمان بووە.

هاوكات كەمال كەركوكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و سەرۆكی شاندنی دانوستانكاری ئەو حزبە بە ناس كورد-ی وت "هەردوو حزب لە ئێستادا ڕێككەوتون لەسەر ئەوەی تا ئەو كاتەی لەسەر پێكهێنانی حكومەت ڕێكدەكەون هیچ لێدوان و قسەیەك لەسەر قۆناغەكانی پێكهێنانی حكومەت بۆ میدیاكان نەكەن".