گه‌ڕان

Shadow Shadow

گۆڕەپانى تەحریر، شۆڕشێک لە بەردەم هێرشى لۆمپەنەکاندا

2020.02.19 - 09:04

ناس بیروڕا - هاوار محەمەد . ئەوەى لە مەیدانى تەحریرى بەغدادا زۆر گرنگە دوو خاڵە: یەکەم: ڕێکخستنى دەستبەجێی و خۆڕسکى خەڵک و خۆبەسێتیى خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەت لە بوارى پزیشکى و ئەمنی و ژینگەییەوە، بە جۆرێکى وا کە پێویستییەکى ئەوتۆیان بە دامەزراوە و کەرەستەکانى حکومەت نەبێت. ئەمە جگە لە دابینکردنى پێداویستییەکانى ڕۆژانە، وەکو خواردن و خواردنەوە، لەسەر بنەماى هاوکارى و هەرەوەزى، کە پۆلى پێچەوانەى خۆپەرستى و بەتایبەتکردنە. . دووەم: گۆڕین و دەستکاریکردنى فەزاى مەیدانەکە بۆ فەزایەکى ئازاد بە دوو مانا: لەلایەک، شێوازى کۆبوونەوە و مانەوە و هەڵدانى خێمەکان کە بۆ زۆرێک لە گەنجان بۆتە ماڵى دووەم، دروستکردنى خانەى گەرۆک و کاتییە وەک نشینگەى سیاسى، واتە گەر بیشسووتێنرێت، دیسانیش دروست دەکرێتەوە، گەر لێرەیش نەبێ، لەوێ. لەلایەکیتر، نەخشکردنى دیوارەکان بە گرافیت و دروشمەکان گرنگییەکەى لەوە زیاترە کە تەنیا پەیامى ڕوون و ڕۆشنى سیاسى بێت؛ ئەوەى لەمە گرنگترە ئەوەیە نەخشاندنى دیوارەکان بە گرافیت، داگیرکردنى مەساحەیە لە ڕیکلام لە چەقى پایتەختدا. شارەکان هەتابێ زیاتر دەبنە بازاڕ، دەبنە دیوار و شاشە بۆ ڕیکلامى کاڵا و بازرگانى، یانیش ڕیکلامى سیاسى. گرافیت دژ بەم ڕیکلامیزەکردنەى ڕووکارەکانى شارە، ئازادکرنى ڕووبەرە لە بازاڕى سەرمایەداریى، خستنەگەڕى دیوار و شاشەیە بۆ ئەکتێکى گشتیى دەرە قازانج، بەمەیش ڕاستەوخۆ سیاسى دەکەوێتەوە. . بەشبەحاڵى خۆم، هەر لە سەرەتاوە، بوونى موقتە سەدرم لەم مەیدانەدا وەک مەترسى دەهاتە بەرچاو، مەترسى پاراستنى مەزهەب لە ناوەندێکدا کە بڕیارە بۆ گەڕانەوەى شکۆى وڵات و لایەنیکەمى عەدالەت دژ بە مەزهەب بوەستێتەوە. لایەنگرانى موقتەدا ڕێژەیەکى کەمى خەڵکى ناڕازیى مەیدانەکە نەبوون، هەمیشەیش فێڵەکە ئەوەیە یان سەرکردایەتیى بزووتنەوەکە بکەیت، یان لە ناکاو لایەنگرانت بکشێنییەوە بۆ ئەوەى تایەکى سەنگ و چەندێتى خۆپیشاندەران لەدەست بچێت، بەم جۆرە ورەى نیوەکەى دیکە بڕوخێت، ئیدى بە ئارامى هەموو شتێک دادەمرکێتەوە. ئەم فێڵە تازە نییە و هەمیشەیش چاوەڕوانکراوە. ئەمە ڕوویدا و خۆشبەختانە مەیدانى تەحریر نەڕووخا، تەنانەت گەر چۆڵیش ببێت، هێشتا ئەوەى کە ئیرادەى دەرچوون لە هەموو نوێنەرەکانى مەزهەبى سەر بە دەوڵەتانى ترى مەزهەبیى هەیە، بۆ خۆى خاڵێکى وەرچەرخانە. وێڕاى ئەمەیش، هێشتا مەیدانى تەحریر ڕووبەرى خەباتێکى پاکژ و پوخت نییە؛ ئەو خەڵکەى لەوێدا کۆدەبنەوە هێشتایش بە تەواوەتى خۆیان لە زۆر ڕەگەزى مەزهەبى و ناسیۆنالیستى دانەماڵیوە. جگە لە گرێى سایکۆلۆژى و غەریزەى ترسناک (کە هەمیشە و لە هەموو جێیەکدا هەن)، هێشتایش "عەلى" و "حسێن" بایى ئەوە ڕێزلێگیراون کە لە دوایین سنووردا شیعەگەریى پێ زاڵ بکرێت بەسەر خواستى نەتەوەییدا، ئەمە نوکتەیەکە لەسەر ئەتەیستە شیعەکان؛ گەر ئەوان بڕوایان بە خودى خودا و نێردراوەکەیشى نەبێت، ئەوا وەک دەڵێن "عەلى شتێکى دیکەیە". بێجگە لە عەلى "عێراق"ـیش گەر بخرێتەوە نێو گوتارى عێراقچێتییەوە، ئەویش هەر شتێکى دیکەى دیکەیە. بێگومان گەڕانەوەى سەروەریى بۆ عێراق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەم مافێکى ڕەواى نێودەوڵەتییە و هەمیش داواکارییەکى ڕەواى نەتەوەییە. بەڵام عێراق خۆى چییە؟ وەک 'دەوڵەت'ـێکى دروستکراوى دواى دابەشکردنى سنوورى دواى جەنگى جیهانى یەکەم، هەر لە سەردەمى ئینتیدابەوە تاوەکو ئێستا سەقامگیر و یەکپارچە نەبووە، هەوڵەکانى ئایدیۆلۆژیاى عروبە و بەعس، تەنیا تەقەلاى ستەمکارانە بوون بۆ یەکخستنى ئەو سنوور و کولتوورانەى کە یەکناخرێت. عێراق خۆى فرەییە و کۆمەڵێک پارچەى نەسازاو، مۆزاییکێک کە هیچ کات ڕەنگەکانى ناتوانن بە ئاشتى بژین و هەمیشە پارچەکانى لەگەڵ یەکتردا لە جەنگدا بوون. وێراى ئەمە، گەشەى خێراى سەرمایەى نەوتى و نیمچە مافیایى لە دواى ڕوخانى بەعس، ئەم نەسازانەى قووڵتر کردەوە، چونکە بەرژەوەندیى دەستەگەریى، سەرجەم ناکۆکییەکانى دیکەیشى داڕشتەوە. بەم جۆرە دەوڵەت بوو بە سەکۆى ڕێکخستنى بە ئاستەمى سێکتاریزم و ململانێى دزەکان، پەلەمانیش بە دەزگاى ڕەوایەتیدان. . دواى ئەوەى موقتەدا لە ساحەکە چووە دەرەوە، وەک چاوەڕوان دەکرا وەختى چالاکیى لۆمپەنەکان دەستى پێکرد. عێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە، دەوڵەتێکى دام و دەزگایى و نییە، هەر خوێندنەوەیەکى لەم جۆرەیش تەنیا سەرلێشێوان دروست دەکات. سوپاى عێراق (گەر ماوەیەکى سەرەتاى کۆماری لێ دەربکەین) هیچ کات سوپایەکى نیشتمانى و دامەزراوەیى نەبووە، بۆیە هیچ کاتیش دژ بە لۆژیکى لۆمپەنیزم نەجووڵاوەتەوە، بە پێچەوانەوە ئاکارى شەقاوەیى لە ڕووبەڕیکى فۆڕماڵدا بەرهەمهێناوەتەوە. هەڵەیە گەر وا تێبگەین لە وڵاتانى ئێمەماناندا ئەو هێزەى سەرکوت دەکات "پۆلیس"ـى دەوڵەتە. پۆلیسەکان لە هەموو شوێنێک هەن، بەڵام تەنیا وەک پۆلیسى فۆڕماڵ نا. پۆلیس خۆى دەبێت بە لۆمپەن و چالاکییەکانیشى لەگەڵ چالاکیى شەقاوەدا تەماهى دەکەن، ئیدى تەنیا مەگەر بە جلوبەرگ و یونیفۆرمدا پۆلیس لە شەقاوە جیا بکەینەوە. لۆمپەنەکانیش بە دەورى کەسایەتى و هێز و گروپە جیاجیاکانەوەن، گروپە جیاجیاکانیش هەر یەکەیان بە جۆرى جیاواز سەریان بە دەوڵەتانى دراوسێوەیە و فەرمانبەرى پرۆژەکانى ئەوانن. ئیدى سوپاى نیشتمانى لەبەرامبەر گروپگەلى شەقاوەدا پاشەکشە دەکات و خەڵکیش هیچ هێزێکى دیاریکراو وەک پارێزەرى خۆیان و خاک و وڵات نابینن. ئەمە بە گشتى وێنەى عێراقێکە کە (بە هەرێمەکەى خۆیشمانەوە) تا بینەقاقاى لە گەندەڵى، چەتەگەریى، لۆمپەنیزم، ئیسلامیزم (شیعە، سووننە، سەلەفییەت، ئیسلامى سیاسی) هاتووە. . مەلا، پیاوى ئایینى، مەزهەب لە وڵاتانى ئێمەمانان هەرگیز شۆڕشگێڕ نین و نابن، تەنانەت ئەگەر سەرکردایەتیى شۆڕشێکیش بکەن. شۆڕشێک نابێتە شۆڕش تاوەکو دەرگا و دیوارى نێوان ڕەگەزەکان، ڕەنگەکان، نەتەوەکان، نەشکێنێت و پیرۆزییەکان هەر هەموو لە پیرۆزیى نەخات، تاوەکو نەریت و شەرع و ئادابى کۆمەڵایەتیى فڕێ نەدات. شکاندنى ئەم دیوارانەیش بە ماناى نکوڵیکردن لە شوناسەکان و تواندنەوەى هەمووان نییە لە یەک ڕەنگدا، بەڵکو قبوڵکردنى ئاسایى شوناسەکان و جیاوازییەکانە و خستنەگەڕییەتى لە کارى هاوبەشى هەمەجۆر و صیرورەى جیاجیادا. شۆڕش لایەنیکەم دەبێت دژ بە دوو شتى نیمچە پارادۆکسیکاڵ بێت و لە ستراتیژدا هەرگیز پەنایان بۆ نەبات: 1- لەوە تێبگات کە ئیشى شۆڕش یونیفۆرمکردن نییە، ئەمە پتر ئیشى دەوڵەت و ڕێکخستنە فەرمییەکانە؛ هەر شۆڕشێک بیەوێ یونیفۆرم دروست بکات، ئەوا تەنیا دەوڵەت بەرهەم دەهێنێتەوە. 2- شۆڕش دژ بە جوداکردنەوەى ڕەگەزەکان و هەڵاواردنەکان بێت، بۆ نموونە لەنێوان ژن و پیاو، نێر و مێ، کورد و عەرەب، شیعە و سووننە، خوێندکار و کرێکار وهتد. بە ئەستەم شۆڕشێک هەیە بتوانێت ئەم هاوسەنگییە ڕابگرێت، کە پێموایە خودى جەوهەرى شۆڕش پێکدێنن. . فتواى موقتە سەدر بۆ جیاکردنەوەى نێر و مێ، بە زنجیرەیەک خۆپیشاندانى ئازایانەى ژنانى عێراق، بە دروشمى هۆشیارانە وەڵام درایەوە. خەڵکى عێراق لە دواى بەردەوامیى ئیرادەیان لە مەیدانى تەحریر و شارەکانى تردا، ماتەوزەى ئەوەى تیایە بە ئاراستەى سەرپێچیى ئەحکام و فتواکان هەنگاو بنێن (لە هەرێم بە پێچەوانەوە، خەڵک لەگەڵ فتواکاندا ڕێدەکەن) گەر ئەم ویستە پەرەى پێ بدرێت، ئیدى عەلییش شتێکى دیکە نابێت. "تێشکان" یان "تێشکاندن"ـى ئەم ویستە مەترسیدارە، چونکە شکانى هەر ویستێکى لەم جۆرە واتاى هەڵکشانى زیاترى فاشیزم و سێکسیزم، مەزهەب و سەرمایەدارانى نەوتە.