گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بۆ پارێزگاریكردن لە بەنداوەکە

بەنداوی دوکان؛ 300 مەتر سێجا لە چركەیەكدا ئاو بەردەدرێتەوە 

2019.04.02 - 22:30
بەنداوی دوکان؛ 300 مەتر سێجا لە چركەیەكدا ئاو بەردەدرێتەوە 

ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاشكرای كرد، 300 مەتر سێجا لە چركەیەكدا ئاوی زیادەی بەنداوی دوکان بەردەدەنەوە، ئەوەش بۆ پارێزگاریکردن لە بەنداوەکە دەگەڕێنێتەوە.

 

حمە تایر جەلال بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "بۆ پارێزگاری کردن لە بەنداوەکە 300 مەتر سێجا لە چركەیەكدا ئاو بەردەدەینەوە، ڕێڕەوی ئاوی بەردراوەی بەنداوەکەش دەچێتە زێی بچوكەوە، لەوێوە بەرەو  دووبز لە پارێزگای كەركوك، تا دەگاتە بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین و دەڕژێتە ناو ڕوباری دیجلە".

 

سەبارەت بە ماوەی گلدانەی ئاو لە بەنداوی دوكان حمە تایر جەلال  وتی: "ئێمە ساڵانە تا بەرواری 31  ئایار وەرزی باران بارین ئاوی بەنداوەکە بەردەدەینەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆری ڕێژەی باران و ئەو ئاوەی دەرژیتە دەریاچەكەوە، ناچارین بە بەردەوامی ڕێژەی بەردانەوەی ئاو زیاد بكەین، تا شۆینی گلدانەوەمان هەبێت و بەنداوەكە بپارێزین لە هەر ئەگەرێك".

 

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لە ڕێگەی ناس كورد-ەوە هۆشداری دا بە هاوڵاتیان و دەڵێت، ئەوەی ماڵی لەسەر ڕێڕەوی زێی بچوکە خۆی بپارێزی لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، چونکە پێناچێت بەردانەوەی ئاو کەمبکرێتەوە.

 

ئاوی بەنداوی دوکان بەجۆرێک زیادیکردووە، کە ماوەی 31 ساڵە بەو جۆرە نەبووە، کە لە ساڵی 1988 ئاوی ئەو بەنداوە گەیشتە سەرڕێژی "بێڵ ماوس" بۆ جارێکی تر ئەمڕۆش ئاوی بەنداوەکە گەیشتە ئەو ئاستە.