گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پەرلەمانتارێکی سائیرون: كورد بەشێك نییە لە گرفتی پۆستە بەتاڵەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی

2019.04.02 - 21:59
پەرلەمانتارێکی سائیرون: كورد بەشێك نییە لە گرفتی پۆستە بەتاڵەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی

 

ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاند، هیچ دەستپێشخەرییەكی نوێ نییە بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی تەواوكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، "كوردیش بەشێك نیە لەو دواكەوتنە".

جەبار عەتابی پەرلەمانتاری عێراقی لە هاوپەیمانی سائیرون بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ململانێی لایەنەكان بەردەوامە و نەگەیشتونەتە ڕێكەوتنێكی یەکلاکەرەوە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كەسایەتییانەی پۆستە ئەمنییەکانی بەرگری و ناوخۆ-یان پێدەسپێردرێت".

ئەو پەرلەمانتارا ئاماژەی بەوەشکرد، لە کارنامەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ئەو پرسەی تێدا نییە، بۆیە پێیوایە ئەو پرسە بە ئاسانی یەکلا نابێتەوە.

 

سەبارەت بەوەی ململانێی یەكێتی و پارتی هۆکارێک بێت بۆ تەواونەكردنی كابینەكەی عەبدولمەهدی، جەبار عەتابی ئاماژەی بەوەکرد: "كڕۆكی كێشەكە پۆستەکانی ناوخۆ و بەرگری-یە و هەر كات چارەسەر كرا، پۆستەكانی داد و پەروەردە بە ئاسانی تێدەپەرێ، هەرگیز كوردەكان لایەنێك نین لە دواخستنەكەدا" .

 

كابینەكەی سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەهدی چوار مانگە ڕاگەیەندراوە، هۆکاری تەواونەبوون و پڕنەکردنەوەی تەواوی پۆستەکانی کابینەکەش بۆ ململانێی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان دەگەڕێنرێتەوە.