گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

700 منداڵی توشبووی ئۆتیزم لە سلێمانی هەن

نەخۆشەکانی ئۆتیزم لە سلێمانی قوتابخانەیان نیە

2019.04.02 - 18:35
نەخۆشەکانی ئۆتیزم لە سلێمانی قوتابخانەیان نیە

 

ناس كورد– هەڤاڵ فەتاح

لە سلێمانی زیاتر لە 700 منداڵ بە دەست نەخۆشی ئۆتیزم-ەوە دەناڵێنن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی دەڵێت، گرفت هەیە بۆ وەرگرتنی منداڵانی ئۆتیزم لە خوێندنگا ئاساییەکانی پەروەردە.

 

ڕەحمان عەلی بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "داتایەكی تەواومان لە بەردەست نییە لە بارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە توشبوی ئۆتیزم-ن، لە سنوری شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین، هۆكارەکەشی زۆربوونی لیژنەكان و تێكەڵبوونی كارەكانیانە، بەڵام ئەو ئامارەی لای ئێمەیە لە شاری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین زیاتر لە 700 منداڵی توشبوی ئۆتیزم هەن، لە سەرئاستی هەرێمی كوردستانیش 3 هەزار توشبو هەن".

 

لە بارەی ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیز لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی ئاماژەی نەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان تەنها سێ‌ سەنتەری ئۆتیزم هەن، ڕۆژانەش لە سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی ڕاهێنان و چارەسەر بۆ 60 منداڵی ئۆتیزم ئەنجام دەدرێت".

 

"حكومەتی هەرێم بڕیاریدابوو پێش چەند ساڵێك قوتابخانەیەك لە سلێمانی بكاتەوە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكان، بەڵام تا ئێستا ئەو قوتابخانەیە تەواو نەكراوە بە هۆی قەیرانی دارایەوە، ئاستەنگێکی زۆریش هەیە لە بەردەم وەرگرتنی منداڵانی ئۆتیزم لە قوتابخانە ئاساییەكانی وەزارتی پەروردە" ڕەحمان عەلی وای وت.

 

ئەمرۆ 2ی نیسان ڕۆژی جیهانی نەخۆشی ئۆتیزمە و لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەو ڕۆژەدا ئەنجام دەدرێت، بەمەبەستی ناساندنی ئەو جۆرە نەخۆشیە و چۆنیەتی چارەسەركردنی.