گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندیم لەگەڵ برایانی پارتی-دا هەیە

بەرهەم ساڵح: ئەگەر گەندەڵی لەناو نەبەین لەناومان دەبات

2019.04.02 - 17:14
بەرهەم ساڵح: ئەگەر گەندەڵی لەناو نەبەین لەناومان دەبات

ناس کورد-

سەرۆککۆماری عێراق ئاشکرایکردووە، مانەوەی ئەمریکا لە عێراق لەسەر داخوازی حکومەت بوە، دڵنیایش دەدات عێراق نابێتە هاوبەش و هۆکار بۆ ئازاردانی هیچ لە دراوسێکانی.

بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) ڕایگەیاندووە: "نابێت قەبارەی ئەو ڕوبەڕوبونەوە تیرۆریەی کە ماوە و قەبارەی کێشەی پەنابەران و ئاوارەکان لە سوریا بەکەم بزاندرێت".

 

سەرۆککۆماری عێراق داواشی لەوڵاتانی عەرەبی کرد کە هاوکاری سوریا بکەن بۆ ڕزگاربونی لەو قەیرانە سیاسییەی کە تووشی بوون.

 

دەربارەی ڕۆڵی عێراق لەنێوان تاران  و واشنتۆن بەرهەم ساڵح دەڵێت: "مانەوەی ئەمریکا لە عێراق لەسەر خواستی حکومەتی عێراق بوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە داعش پارێزگای موسڵیان داگیرکرد، مانەوەی ئەو هێزانە بە ئامانجی ئەوەبوە کە هێزە عێراقییەکان بتوانن ڕوبەڕوی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە ببنەوە، وە عێراق هیچ نێوەندگیرییەکیش ناکات لەنێوان تاران و واشنتن-دا".

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هەستی چی بوە کە وەک کوردێک بەشداری لە لوتکەی عەرەبی-دا کردووە، بەرهەم ساڵح بۆ ڕۆژنامەکە وتویەتی: "عێراق وڵاتێکی فرەلایەن و فرەنەتەوەیە،عەرەب و کورد و تورکمانی تێدایە، موسوڵمان و مەسیحی و چەندین ئاینی تری تێدایە، ئەم فرە چەشنییە لە چەندین وڵاتی تری ناوچەکەدا هەیە، من نوێنەرایەتی عێراق دەکەم،عێراق بەشێکە لەم نێوەندە بەرفراوانە عەرەبییە، وەک عێراقییەک ئێمە سودێکی گەورە دەبینین لە بەشداری کردن و پەیوەندی کردن لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا، ئەمە سودی بۆ عێراق و بۆ ناوچەکەش دەبێت، کورد، عەرەب، تورکمان، موسوڵمان و مەسیحی، هاوبەشن لەم ناوچەیە، چاوەڕێی ڕێکخراوێکی ئەمنی باش دەکەن کە بیانپارێزێت لە داعش و تیرۆر، چاویان لەوەیە کە ڕێز لە بونیان بگیرێت".

 

لە بارەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ مەسعود بارزانیدا کە بەم دواییانە ساردی تێکەوتووە، وە ڕۆڵی هۆشیار زێباری وەک نیوەندگیرێک بۆ چاکبوونی پەیوەندییەکانیان، بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوە کردووە: "پەیوەندیمان لەگەڵ برایانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، هۆشیار زێباری هاوڕێم لەم ماوەیەدا سەردانی کردم لە بەغداد".

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشکردووە گەندەڵی نەخۆشییە، دەشڵێت، گەندەڵی و تیرۆر دووڕوی دراوێکن، ئەگەر گەندەڵی لەناو نەبرێت و ڕوبەڕوی نەبینەوە ئەوا لەناومان دەبات.