گه‌ڕان

Shadow Shadow

کێشەکە تەنها ترەمپ نییە، هەموو پارتی کۆمارییە:

هەڵبژاردن و مۆتەکەی ترازان لە دێمۆکراسی لە ئەمریکادا

2020.02.12 - 19:06

بیروڕا- ئالان م. نوری . دۆناڵد ترەمپ ی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە درێژایی مانگێکی رابوردوو، دوای پێشتر تۆمەتبارکردنی لە لەیەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، خرایە بەردەم دادگای ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا. ئەگەرچی زۆرێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لە میدیای کوردی و عەرەبی وایان راگەیاند کە حوکمی ئەنجومەنی پیران بریتی بوو لە رەتکردنەوەی تۆمەتەکان و بە بێتاوان ناساندنی ترەمپ. . بەڵام لە راستیدا ئەمە رووی نەدا و بەم شێوەیە باسکردنی هەڵەی وەرگێڕان و تێنەگەیشتنی دەستەواژە یاساییەکانە. بڕیارەکەی کە لە ئەنجومەنی پیران درا، بە کۆی 51 دەنگ بەرامبەر بە 49، رەت کردنەوەی داواکە بوو لەسەر بنەمای نەبوونی بەڵگەی پێویست (Acquittal)، نەک راگەیاندنی بێتاوانیی تۆمەتبارەکە (Exoneration). . جیاوازیی نێوان ئەم دوو دەستەواژەیە لە رووی یاساییەوە بەم شێوەیەیە: دەکرێت دەستگایەکی دادگایی کردن بگاتە ئەو رایەی کە تۆمەتبارەکە دەشێت تاوانەکەی کردبێت بەڵام لەبەر نەبوونی بەڵگەی یەکلاکەرەوە یان لەبەر ناتەواویی بەڵگەکان، بڕیار بدات کە داواکە رەت بکاتەوە، چونکە بۆ تۆمەتبارکردن دەبێت بەڵگەکان قەطعی بن، واتە جێی گومان و لێکدانەوەی جیاواز نەبن. . کاتێکیش لەبەر کەمی بەڵگە دەزگای دادگایی بڕیاری رەتکردنەوەی داواکە دەدات، لایەنی تۆمەتبارکراو ناتوانێت بڵێت بێتاوانیی سەلمێندرا. بەم پێیە، ئەنجومەنی پیران بڕیاری بێتاوانیی ترەمپی نەدا، بەڵکوتەنها کەیسەکەی داخست. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆیەوەی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئەم جۆرە دادگاییە لە ئەمریکادا، دادگای ئەنجومەنی پیران بە رێژەی دەنگی 51 بە 49، داوای بانگکردنی شایەت و ناچارکردنی کۆشکی سپی بە تەسلیم کردنی هەزارەها بەڵگەی رەت کردەوە. . واتە بۆ یەکەم جار ئەم دادگایە گوێی لە هیچ شاهیدێک نەگرت و هیچ دۆکۆمێنتێکی داوا نەکرد، ئەوجا لەبەر کەمی و نەبوونی بەڵگەی یەکلاکەرەوە، کەیسەکەی داخست!  . لەوەش سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە کە بۆ داککۆکی لێی، پارێزەرانی ترەمپ گەڕانەوە بۆ  پرانسیپێکی داکۆکیکاری، کە پێشتر ریتچارد نیکسۆن سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ویستی بەکاری بهێنێت و دادگای باڵای ئەمریکا شکستی پێهێنا، کە دەڵێت: هەرچییەک سەرۆک بیکات نایاسایی نییە… یەکێک لە پارێزەرەکانی ترەمپ لەوە زیاتریش رۆیشت و وتی تەنانەت ئەگەر ئەوەی کە کردویەتی نایاساییش بێت و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بە مەبەستی سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی خۆی بووبێت، تەنانەت ئەو کاتەش تاوانێک نییە کە لەسەری لە سەرۆکایەتی لاببرێت، ئەگەر هاتوو لە مێشکی ترەمپ خۆیدا سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی خۆی لە بەرژەوەندیی گشتیداببینێت! بە واتایەکی دیکە، ئەوەی بۆ نیکسۆن نەچووە سەر و ناچاریکرد پێش ئەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەوسا لە کار دەریبکەن، خۆی واز لەکار بێنێت، ئەم جارە لە بەردەم ئەم ئەنجومەنی پیرانەدا بۆ ترەمپ بە زیادەوە چووەسەر. . ئەم دیاردەیە، زادەی تەنها ئەمساڵ نییە. لەوەتەی ترەمپ بووە بە سەرۆک، پارتی کۆماری لە بواری زۆر سەرەکیدا پێگەی ئایدیۆلۆژی و ناسنامەی خۆی لەدەست داوە و بۆتە پارتی دۆزینەوەی حیلە شەرعی بۆ ترەمپ. . واتە پارتێکی سیاسی سەرەکی لە سیستەمی دێمۆکراسسی ئەمریکادا سەرقاڵی چاوەڕوانیی (تویت)ەکانی سەرۆکە بۆ ئەوەی بزانێت ئەمڕۆ چۆن بیر بکاتەوە. نموونەی ئەمەش: هەڵوێست بەرامبەر کۆریای باکوور، روسیا، تەعریفەی گومرگی، ناتۆ و بەها خێزانییەکان و چەندین بواری دیکەیە کە ئەم پارتە سیاسییە بە تەاوی پێچەوانەی هەڵوێستەکانی رابوردووی خۆی بێشەرمانە وەستاوەتەوە. . لەرووی شکۆی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە، رۆژانە ترەمپ بە ئاشکرا و بە دزییەوە یاسا و نۆرمی نەریتە سیاسی و ئیدارییەکان پێشێل دەکات.  بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی واشینگتۆن پۆست، تا کۆتایی ساڵی رابوردوو بە رێژەی نزیکەی 15 درۆی سەلمێنراوی لە رۆژێکدا لە بەردەم کامێراکانی هەواڵ و لەسەر تویتەر کردووە.  . لەمەوە دەکرێت بڵێین پلاتفۆرمی پارتی کۆماری دەربارەی دێمۆکراسی لەمەولا، تا رۆژێک ترەمپ لە دەسەڵاتدا مابێت، هاوتای پلاتفۆرمی دەسەڵاتدارانی سیستەمە "دێمۆکراسی" ەکانی وڵاتانی دواکەوتووی وەک لای خۆمان بەرەو بانگەشەی جۆرێک لە "دێمۆکراسی" بچێت کە تەنها بە رووکەش لە جوملەی دێمۆکراسییەکان دادەنرێت و لە راستیدا سیستەمی (سەرپشککاری: Delegative)ە. . لە ناوەڕۆکدا ئەم جۆرە سیستەمە تەنها ئەوەندە دێمۆکراتییە کە سەرکردەکان بە هەڵبژارن دێنە سەرکار، ئیدی دوای ئەوە خودی بردنەوەیان لە هەڵبژاردندا وەکو سەرپشک کردن لێکدەدەنەوە و هیچ دەزگایەکی دەسەڵات بە هاوتا و سەروەر نازانن. خواستی سنوور بۆ دانەنراوی سەرۆک سیاسەتی رۆژانەی هەموو دەزگاکانی دەوڵەت دیاری دەکات و گەر میللەت و دام و دەزگا سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکان ناڕازی بن، ئەوا تەنها لە هەڵبژاردنی داهاتوودا یەک چانسی را دەربڕینیان دەبێت. . ئەم پاشەکشێ گەورەیەی فیکر و هەڵوێستی سیاسیی پارتی کۆماری تەنها بە کاریزمای ترەمپ نەهاتوونەتە دی، بەڵکو بنەمای قووڵتری هەیە. . لەسەر ئاستی دێمۆگرافی لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ پارتی کۆماری پێگەی لە ناو ژنان و گەنجان و رەشپێست و تازە کۆچکەرانی بەهاووڵاتیکراو و کەمدەرامەتەکاندا تا بێت لاوازتر دەبێت و زیاتر وەک پارتی پیاوە سپیپێست و پیر و دەوڵەمەندەکان دەردەکەوێت. . رێژەی ئەم بەشەی کۆمەڵگا بۆ سەرجەم دانیشتوان لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا، تا بێت لە کەم بوونەوەدایە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە لەسەر ئاستێکی دوورخایەن ئەم پارتە سیاسییە بەرەو ئەوە دەڕوات کە لە هەڵبژاردنی راستەوخۆدا هەموو کات دەسەڵاتی لە مەترسیدا بێت. . سەرەڕای ئەمە سیستەمی سیاسیی ئەمریکا کۆمەڵێک مێکانیزم و دیزاینی دەستووری هەیە کە تا ئەمڕۆ باڵادەستیی ئەم بەشەی کۆمەڵگای پاراستووە، لەوانە، دابەشبوونی دەسەڵاتی یاسادانانە بەسەر دوو ئەنجومەندا، کە نوێنەران و پیرانە و تەنها نوێنەران دەربڕی رێژەی دانیشتاونە. . واتە ولایەتێک کە دانیشتوانی زۆرتر بێت رێژەی کورسییەکانیشی لە ئەنجومەنی نوێنەران زۆرترە لە ویلایەتێکی دیکە کە دانیشتوانی کەمتر بێت، بەڵام ئەنجومەنی پیران وا نییە. . هەر ولایەتێک،  بەدەر لەوەی ژمارەی دانیشتوانی چەندە، دوو نوێنەری هەیە لە ئەنجومەنی پیراندا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مەرج نییە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی پیران دەربڕی رای زۆرینەی دانیشتوان بێت. . بۆ نموونە: بە پیی راپرسییەکان 75% ی هاووڵاتیان، لە دادگایی ترەمپدا، دەیانویست شایەتەکان بانگ بکرێن و دۆکۆمێنتەکان داوابکرێن ، بەڵام 51% ی ئەنجومەنی پیران رێگرییان لەمە کرد و سەرۆکەکەیان لە مەترسیی لەکار دەرکردن پاراست. . نمونەیەکی دیکەی بەکارهێنانی دیزاینی دەستووری بۆ پاراستی پێگەی دەسەڵات، بەدەر لە خواستی زۆرینەی خەڵک، شیوازی هەڵبژاردنی سەرۆکە لە ئەمریکادا، کە سەنگی هەر ولایەتێک لە رێی ژمارەی دانیشتوانەوە بە تەنها دیاری ناکرێت، بەڵکو هەر ولایەتێک دوو جۆر پشکی هەیە، یەکێکیان بە پێی ژمارەی دانیشتوان و ئەوی دیکەیان ژمارەیەکی نەگۆڕە بۆ هەموو ولایەتێک وەک یەکە. . ئەمەش وایکردووە لە سەردەمی جۆرج بوشی کوڕەوە 3 جار سەرۆکایەتی بچێتە دەستی کۆمارییەکانەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی خەڵک دەنگی بە دێمۆکراتەکان دا. لە دواترین هەڵبژاردنی سەرۆکدا، 3 ملیۆن کەس زیاتر دەنگی بە هیلاری کلینتۆن دا وەک لە ترەمپ، کەچی ترەمپ بوو بە سەرۆک. . هەر جارێکیش کۆمارییەکان دەسەڵاتیان گرتبێتە دەست، سنگی دەسەڵاتی دادوەرییان بۆ چەند نەوەیەکی داهاتوو، بەلای خۆیاندا گۆڕیوە، بە خراپ بەکارهێنانی ئەو پرانسیپەی کە دادوەرە باڵاکانی سیستەمی ئەمریکا تا لە ژیاندا بمێنن لە کارەکەیان بەردەوام دەبن. کە خۆیشیان لە دەسەڵات نەبوون پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پیرانیان بە جۆرێک بەکارهێناوە کە نەیانهێشتووە دێمۆکراتەکان شوێنە بەتاڵەکانی دەزگای دادوەری پڕ بکەنەوە. . بەم شیوەیە پارتی کۆماری دەمێکە وەک پارتێکی دژە ناوەڕۆکی دێمۆکراسی لە ئەمریکادا کاردەکات و لە نۆرمی دێمۆکراسیدا پاشەڕۆژی خۆی نابینێتەوە. ترەمپیش بە هەموو ئابڕووچوونێکیەوە، ئامرازەکانی دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی لە کاتێکدا تەسلیم کردن کە خۆیان تەوا هیوابڕاو ببوون لە وەرگرتنی ئەو پۆستە. . مەترسەییەکەش لەوەدایە کە پارتی کۆماری لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵیشدا، بە هەموو ئابڕووچوونییەکیەوە، ناچارە چارەنووسی خۆی بە دۆناڵد ترەمپەوە ببەستێت، بەو هیوایەی بەشی ئەوەندە خەڵکی پێ بخەڵەتێنن کە سەرۆکایەتییان بۆ مسۆگەر بکاتەوە، بەڵام باجی ئەوە، بریتییە لەوەی تا دێت ئەم پارتە سیاسییە واز لە هەموو پرانسیپە سەرەتاییەکانی دێمۆکراسی و دەوڵەتی یاسا بێنێت و پەیتا پەیتا بەرەو سەنگەری دژە دێمۆکراسی بڕوات. ئاکامەکانی هەنگاوێکی لەو جۆرە لە وڵاتێکی زەبەلاح و پڕچەکی کۆمەڵکوژی وەکو ئەمریکا مەترسییەکی گەورە دەبێت نەک تەنها لە ناوخۆدا، بەڵکو لەسەر ئاستی هەموو جیهان. . کاتێک چەرخی دێمۆگرافیا لە دژی بەرژەوەندیی پارتێکی سیاسی بگەڕێت، چارەسەر سەرلەنوێ گەڕانە بە دوای شوناسنامەی گونجاوتردا، نەک مەرگی خۆ و زەرەری ساحێب.  .