گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

قائيمقامى دهۆك: لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كان

2019.04.02 - 16:39
قائيمقامى دهۆك: لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كان

ناس کورد- عه‌مار میرداڤی

له‌ سنوری پارێزگای دهۆك به‌هۆی زۆری باران بارین و لافاوەوە زیانێكی زۆری ماددی به‌ هاوڵاتیانی سنوره‌كه‌ گه‌یشتووه،‌ قائیمقامیەتی شارەکەش ئامادەکاری بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان دەکات.

 

جه‌وهه‌ر عه‌لی قائیمقامی دهۆك  تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان پێكهێناوه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و تۆماركردنی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر هاوڵاتیان كه‌وتووه‌ به‌هۆی لافاوه‌وه‌، ڕۆژانه‌ تیمه‌كانی ئێمه ده‌چنه‌ ئه‌و گه‌ڕه‌ك و شوێنانه‌ی كه‌ لافاو هه‌ستاوه‌ و زیانه‌كانی ئه‌وان  تۆمارده‌كه‌ن، دواى كۆتاییهاتنی كاری لیژنەکان بڕی قه‌ره‌بووه‌كه‌ به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ پارێزگاری دهۆك و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران".

 

قایمقامی دهۆک لە بارەی گرنتی قەرەبووکردنوەی هاوڵاتیانی زیانلێکەوتوو، ئاماژەی بەوەکرد، دڵنیا نین لەوەی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه یان نا،‌ به‌ڵام ئەوان بە کاری خۆیان هەڵدەستن و ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکەن.

 

سەبارەت بە ئاماری زیانەکان قائیمقامی دهۆک ڕایگەیاند، زیانه‌كان زۆرن تا کاری لیژنەکان تەواونەبێت هیچ ژمارەیەکیان دەستناکەوێت، دەشڵێت، زۆربه‌ی ڕێگاوبانەکان و پرده‌كانی سنوری پارێزگای دهۆك پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه هەیە‌.