گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە هەولێر فاڵچییەكی ئێرانی دەستگیركرا

2019.04.02 - 15:24
لە هەولێر فاڵچییەكی ئێرانی دەستگیركرا

ناس كورد- شەهرام عەزیز

پۆلیسی هەولێر فاڵچییەكی ئێرانی دەستگیر دەكات، كە بە بیانووی فاڵگرتنەوە رێگەی لە ئافرەتان گرتووە، وتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت "تەنها لە مانگی ڕابردوودا 12 فاڵگرەوەمان دەستگیركردووە".

هۆگر عەزیز، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند ''ئەمڕۆ (سێشەممە) كارمەندانی پۆلیس لەنێو بازاڕی شاری هەولێر، كەسێكی بە رەچەڵەك ئێرانییان دەستگیر كرد، بە پاساوی فاڵگرتنەوە و بەخت زانین رێگەی لە ئافرەتان گرتووە، لەكاتی دەستگیركردنیشیدا چەند نووسراو و كتێبێكی تایبەت بە جادووی پێبووە".

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئاماژە بەوە دەكات كە بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر ‌و گرتنە بەری رێكاری یاسایی ئەو تۆمەتبارە رادەستی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر كراوە.

هۆگر عەزیز جەختی كردەوە "بەپێی یاسا ئەو كارە ڕێگە پێنەدراوە و تەنها لە مانگی ڕابردوودا 12 كەسمان بەتۆمەتی ئەنجامدانی فاڵگرتنەوە دەستگیركردووە".
سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئەو كەسانە لەو كارە و بنەبڕنەكردنی ئەو حاڵەتە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر روونیدەكاتەوە، كێشەكە لە خەڵكیشەوەیە ئەگەر هاووڵاتییان بڕوایان پێنەكەن و پەنایان بۆ نەبەن ئەو كەسانەش واز لەو كارە دێنن.