گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارتی نایەوێت یەكێتی هاوبەشێكی راستەقینە بێت

سەركردایەتییەكی یەكێتی بۆ ناس كورد: هەموو ئەگەرێك لەبەردەم یەكێتی كراوەیە

2019.04.02 - 14:39
App store icon Play store icon Play store icon
سەركردایەتییەكی یەكێتی بۆ ناس كورد: هەموو ئەگەرێك لەبەردەم یەكێتی كراوەیە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

وەڵامەكەی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ داخوازییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەمەبەستی بەشداریكردن لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا لەجێی خواست و چاوەڕوانییەكانی یەكێتی نەبوو و سەركردایەتییەكی ئەو حزبەش ئاماژە بەوە دەكات "هەموو ئەگەرێك لەبەردەممان كراوەیە".

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "ئەو وەڵامەی كە وەفدی دانوستانكاری پارتی بەرامبەر بە داخوازییەكانی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم داویەتیەوە بەیەكێتی، لەجێی خواست و داواكارییەكانی یەكێتی نییە".

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، پارتی نایەوێت یەكێتی هاوبەشێكی راستەقینە بێت لەگەڵی لەو حكومەتە و دەیەوێت لەپەراوێز بێت و یەكێتیش ئەوە قبوڵ ناكات.

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی لەو بڕوایەدایە كە پرسی سەرۆكی هەرێم بەشێكە لەكێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و بەوتەی ئەو"پارتی لەگەڵ گۆڕان دەیەوێت ئەو یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكەنەوە بەئارەزووی پارتی و لەو پێناوەشدا دەیانەوێت یەكێتی پەراوێز بخەن".

دوێنێ‌ (دووشەممە) شاندێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان سەردانی هەریەك لەكۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كرد لەشاری سلێمانی و بەشێك لەچاودێران ئەو سەردانە چاوەڕواننەكراوەی شاندی یەكێتی وەك هەوڵ و مانۆڕێكی نوێی یەكێتی خوێندنەوەیان بۆ كرد بەرامبەر بە پارتی.

دەربارەی ئەو جموجۆڵانەی كە لەدوێنێوە یەكێتی دەستی پێكردووە بەسەردانیكردنی لایەنەكانی تر، ئارێز عەبدوڵا روونیكردەوە "هەموو پێشهات و ئەگەرێك لەبەردەم یەكێتی كراوەیە ".

وتیشی "ئێمە خەریكین كۆدەبینەوە و یەكێتی بڕیاری خۆی دەدات لەدواجاردا و یەكێتی بەو دەستی دەستییە قایل نییە".

بەوتەی ئارێز عەبدوڵا، رەنگە سبەینێ‌ (چوارشەممە) یەكێتی لەناوخۆی خۆیدا كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات و بڕیاری كۆتایی لەبارەی حكومەتی نوێی هەرێمەوە بدات.