گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەموو شتێك لەبارەی بەنداو و دەرچەكەی دوكان

دەرچەكەی دوكان كەی پڕ دەبێت؟

2019.04.02 - 13:01
دەرچەكەی دوكان كەی پڕ دەبێت؟

ناس كورد-شەهرام عەزیز


رێژەی باران بارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیادیكردووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك بەهۆی مەترسی زۆری ئاستی ئاوەكەوە، هەندێك جار ئاوی بەنداوەكان بەردەدرێنەوە.

یەكێك لە بەنداوە گەورە و گرنگەكانی هەرێمی كوردستان بەنداوی دوكانە و لە ئێستادا هێندەی نەماوە بەنداوەكە بەتەواوی پڕبێت و ئاوی بەنداوەكە لەو دەرچەیەی كە هاوڵاتییانی هەرێمی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە سەر ڕێژ بێت.

لەبارەی پڕبوونی ئاوی بەنداوەكە، محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا ئاستی ئاوی بەنداوەكە (38 سم) بەرزبووەتەوە و لە ئێستادا تەنها (22 سم) ماوە تا ئاوی بەنداوەكە لە دەرچەكەوە بڕژێت و چاوەڕێدەكرێت ئەمشەو یاخود سبەینێ ئاو بڕژێتە ناو دەرچەكەوە".

 

دەرچەكە چییە و سودی چییە؟
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان گرنگی و بایەخی دروستكردنی دەرچەكە بۆ بەنداوی دوكان رووندەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، كاتی خۆی كە بەنداوەكە دروستكراوە، ئەم دەرچەیەشی بۆ دروستكراوە.

بەوتەی محەمەد تاهیر، دەرچەكە پێنج بۆ شەش مەتر لە بەنداوەكە نزمترە، كاتێك بەنداوەكە لە پڕبوون نزیك دەبێتەوە پێش ئەوەی بەسەر دیواری بەنداوەكەوە سەر ڕێژ بێت، ئاوەكە دەڕژێتە نێو ئەو دەرچەیەوە و ئاستی ئاوەكە كەم دەبێتەوە و لەو رێگەیەوە مەترسی لەسەر بەنداوەكە دووردەخرێتەوە.

جەختیشی كردەوە "ئەگەر ئاوەكە بەسەر دیواری بەنداوەكەدا بڕوات مەترسی ڕووخانی هەیە"

 

ئاوی ناو دەرچەكە بۆ كوێ‌ دەچێت؟
بەبڕوای محەمەد تاهیر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان مەترسی بۆ سەر ئەو ناوچانە دروستكردووە كە سنوری بەنداوەكەیان بەزاندووە و هەموو كات ژیانیان بەهۆی بەنداوەكەوە لەمەترسیدایە و لە ڕێگەی حكومەتەوە ئاگاداركراونەتەوە شوێنەكانیان چۆڵ بكەن.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاماژە بەوە دەكات، كاتێك ئاو دەڕژێتە نێو دەرچەكەوە بەرەو قەشقۆڵی دەچێت.

دەشڵێت "ئەگەر بەنداوەكە پڕبێت و ئاوەكە بەڕێژەیەكی زۆر لە دەرچەكەوە بڕوات ئەوا مەترسی بۆ سەر ئەو ناوچانە دروست دەكات كە سنوری بەنداوەكەیان بەزاندووە، بەتایبەتی هەندێك لە كەپرە گەشتیارییەكان و و ئەوانەی كە گڵ دەكەنە ئاوەكەوە و خانووی لەسەر دروست دەكەن یاخود خانوویان لەناو هێڵی موحەرەماتی بەنداوەكە دروست كردووە، یان كە حەوزی ماسیان دروست كردوە و غەسالەیان داناوە".

لە ئێستادا بەنداوەكە چەندی ئاو تێدایە؟
بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەكە زیاتر لە هەشت مەتر بەرزبووەتەوە، محەمەد تاهیر بۆ ناس كورد-ی رووندەكاتەوە"لە ئێستادا ئاستی ئاو لەبەنداوی دوكاندا 50911 مەتر لە رووی ئاستی دەریاوەیە و لەم ئاستەدا دەریاچەكە 6,4 ملیار مەترە سێ‌ جا ئاوی تێدایە لەبڕی 7ملیار".


بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان نیگەرانە لەوەی كە هەتا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكان نەیانتوانیوە یاسای موحەرەمەی زێكە جێبەجێ بكەن و دەڵێت "كاتی خۆی حكومەتمان ئاگادار كردەوە كە موحەرەماتێك بۆ زێكە دابنێت بەپێی یاسا و حكومەت بەخۆشحاڵییەوە زۆر بەباشی هاتۆتە پێشەوە و لیژنەی پێكهێناوە بۆ ئەوەی موحەرەمەی زێكە دەستنشان بكرێت و هێڵی ژێر ئاو كەوتوو دیاری كراوە و ئەمانە دراوە بەلایەن پەیوەندیدارەكان بەڵام جێبەجێ‌ نەكراوە".

بەنداوی دوكان لە ساڵانی 1954 تا 1959 لەسەر رووباری زێی بچووك و لە پارێزگای سلێمانی دروستكراوە، ئەم بەنداوە 60 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانی و نزیكەی 100 كیلۆمەتر لەشاری كەركووكەوە دوورە.