گه‌ڕان

Shadow Shadow

یەکەمین قۆناغی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و وانەکانی بۆ عێراق و کوردستان

2020.02.05 - 17:57

بیروڕا- ئالان نوری . وەرزی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی ئایاوا رۆژی 3/2/2020 دەستی پێکرد.  . لەم ولایەتە پرۆسەکە بە سیستەمی هەڵبژاردنی کۆکەس بە رێوەدەچێت. .  لە درێژەی ئەم بابەتەدا ئاماژەی زیاتر بەم سیستەمە دەدەم. . سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە تا ئێستە دادگایکردنی بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و رێگری لە کاری کۆنگرێس بەردەوامە، وەک چاوەڕوانکراوبوو، بە رێژەی زیاد لە 97% لە لایەن هەوادارانی پارتەکەیەوە هەڵبژێردرا. . بەڵام پرۆسەی هەڵبژاردنی کاندیدی پارتی دیموکرات کێشەی تێکەوتووە و تا ئێستە، پاش دوو رۆژ لە کۆتایی هاتنی پرۆسەکە ئەنجامی بەرایی تەنها 71% ی دەنگەکان ئاشکرا کراوە. . میدیاکانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە گشتی هێرش دەکەنە سەر پڕۆسەی سیستەمی کۆکەس و، لەپاڵ خراپی بەڕێوەبردنی سەرکردایەتیی (ئایاوا)ی پارتەکە، بە هۆکاری سەرەکیی کورتهێنانی پڕۆسەکەی دەزانن. بەڵام… . وردەکاریی پشت ئەم هەواڵە کێشەکە بە جۆرێکی دیکە دەخەنە روو. . کۆکردنەوەی دەنگەکانی سیستەمی کۆکەس بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت. . قۆناغی دەنگدانی یەکەم، پاشان قۆناغی سەرلەنوێ دەنگدان، پاشان قۆناغی دیاریکردنی نوێنەرانی وابەستە (بە دەنگدان بۆ کاندەکەیان) لە کۆنگرەی گشتیی پارتەکەدا کە نوێنەری هەموو ویلایەتەکانی تێدا کۆدەبێتەوە. . لە ڕابردوودا دەستەی بەڕێوەبەر، لە شەوی هەڵبژاردندا، تەنها ئامارەکانی دوا قۆناغی بڵاو دەکردەوە، بەڵام پاش ئەوەی کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2016دا ئاشکرا بوو کە (بێرنی ساندەرز) دەنگی راستەوخۆی خەڵکی ئایاوای زیاتر لە (هیلاری کلینتۆن) بە دەستهێنابوو، بڕیار درا کە دەستەی بەڕێوەبەر، لەم ساڵەوە، ئاماری هەموو قۆناغەکان هەر ئەو شەوە بڵاو بکاتەوە. . بۆ ئەم مەبەستە، دەستەی بەڕێوەبەر، بە شێوەیەکی نهێنی و تەمومژاوی، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتدا ئەنجامدا کە تەنها شەوی هەڵبژاردن دەرکەوت ناوی کۆمپانیای شادۆ واتە( سێبەر)ە و خراپکارکردنی سۆفتوێری ئەو کۆمپانیایە هۆکاری راستەقینەی دواکەوتنی ئەنجامەکانە. . هەروا دەرکەوت کە یەکێک لە کاندیدەکان بەشێک لە خەرجیی ئەم کارەی گرتبووە ئەستۆ.  . واتە کۆمپانیای شادۆ، لە پاڵ کاری بۆ سەرۆکایەتی پارتی دیموکرات، کاریشی بۆ یەکێک لە کاندیدەکان دەکرد. . ئەو کاندیدەش دەرکەوت کە (پیت بودێجیج)ە وبە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، تا ئێستە لە ژمارەی نوێنەراندا لە پێش هەموو کاندیدەکانی دیکەیە. . ئەم هەواڵە گەلێک برینی پڕۆسەی دەنگدان لە کوردستان و عێراقدا دێنێتەوە یادی هەموو لایەکمان. . بە کەرتی تایبەت سپاردنی داتای هەستیاری وەک ڕادەربڕینی دیموکراسی خەڵک مایەی خستنە بەر گومانی متمانەی دەنگدەران بە فەراهەمکردنی ئازادیی رادەربڕینە لە هەموو دنیادا. . باجی ئەو بێمتمانەییە لە عێراقدا لە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنە گشتییە ئابڕووچووەکەی بریتی بوو لەوەی کە قەیرانی حوکمی لە وڵاتەکەدا بە جۆرێک قوڵکردەوە کە  700 کوژراو زیاد لە 10000 بریندار لە راپەڕینە بەردەوامەکەی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا دەرهاویشتەی هەرە ترسناکی ئاکامەکانی بوون. . کەرتی تایبەت هەندێک شت زۆر لە میکانیزمەکانی کەرتی گشتی باشتر و خێراتر ئەنجامدەدات، بەڵام ناکرێت پاراستنی شکۆی هەڵبژاردن یەکێک بێت لەو کارانە. . بابەتی دووەم لە پشتەوەی رووداوەکان خودی . (سیستەمی کۆکەس)ە کە شێوازێکە لە دیموکراسی راستەوخۆیە کە زۆر باو نییە لە جیهاندا، بەڵام دەگمەنیش نییە. . یەکێکە لە شێوازەکانی سیستەمی فرەهەڵبژاردن و لە بنەڕەتدا بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت: دەنگدەرانی هەر بنکەیەک کۆ دەبنەوە پێکەوە و لە هەر سووچێکی ئەو هۆڵەدا لافیتەی ناوی یەکێک لە کاندیدەکان دانراوە. . دەنگدەرەکان بەپێی خواستی هەڵبژاردنیان، هەریەکە لە ژێر ناوی کاندیدەکەی خۆی رادەوەستێت. . هەر کاندیدێک کە دەرکەوت لە رێژەیەکی پێشتر دیاریکراو کەمتر هەواداری هەبێت، پێویستە لە جەولەی دووه‌مدا لایەنگرانی جێیبهێڵن و بەرەو ناوی کاندیدێکی تر بڕۆن کە بە پلەی دووەم مایەی رەزامەندییانە. . ئەمەش قۆناغی دووەمە کە تێیدا هۆڵەکە دەبێت بە بازاڕی ئاڵوگۆڕی بیروڕا. . ئەنجامی نوێی دەنگدان دەربڕێکی قووڵتری خواستی خەڵک دەبن. . چونکە لە لایەک ناهێڵێت دەنگی کەس بە فیڕۆ بچێت و ئەوانەی هەڵدەبژێردرێن ئەگەر بژاردەی یەکەمی خەڵک نەبن ئەوا هەڵبژاردەیەکی جێی رەزامەندییانە دەبن. ئەمە وا دەکات کە کاندیدەکانیش لە هەوڵی مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنیاندا، تەنها پشت بە ڕەزامەندیی هەوادارە (خێڵەکی)ەکانیان نەبەستن و هەوڵ بدەن لە دەرەوەی (خێڵە سیاسییەکەیان)یش کەسێکی ویستراو بن.  . لە ئایاوادا بۆ نموونە، بە پێی ئامارە بەراییەکان، کەسێکی وەکو (ئەلیزابێث وارن) بە دەگمەن هەڵبژاردەی یەکەمی خەڵکی ئاڵیاوا بوو، کەچی چونکە ئەڵتەرناتیڤێکی خواستراو بوو بۆ بژاردەی یەکەمیان، تا ئێستا زیاد لە 18% دەنگەکانی قۆناغی دووەمی بەدەست هێناوە. . ئەم شێوازی هەڵبژاردنە بە تایبەتی بۆ وڵاتانێک کە بە دەردی خێڵایەتی سەرسەختی سیاسییەوە دەناڵێنن دەرمانێکی بێهاوتای بنبڕکردنی توند وتیژی فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە. . جێی داخە کە ئەم جۆرە سیستەمی هەڵبژاردنە یەکێک نییە لەو هەموو شمەک و بەها کولتوورییانەی لە وڵاتانی باڵادەستی وەک ئەمریکاوە ئامادەیان وەریانبگرین و ئەمریکاش لەگەڵ داگیرکردنی عێراقدا ئامادە نەبوو ئەم جۆرە سیستەمەیان بۆ بکات بە دیاریی دەستی. . بێگومان ئەم شێوازی کۆکەسە بۆ هەموو کاتێک و شوێنێک دەستنادات و نەیارانی باسی ئەوە دەکەن کە پڕۆسەی دەنگدانەکە زۆر دەخایەنێت و بۆ ژیانی خێرا و پڕ ئیلتیزاماتی خەڵکی هاوچەرخ ناگونجێت. . بەڵام شێوازی دیکەی فرە دەنگدان هەیە کە قۆناغی بازاڕە کراوەکەی دووەمی وەلا ناوە و خەڵکی دێن لە یەک کاتدا دەنگ بۆ بژاردەی یەکەم و دووەم و سێیەمیشیان دەدەن و بە هەمان پرانسیپ ناهێڵرێت دەنگەکانیان بفەوتێت. . رەنگە کەسێک لە عێراق بڵێت، خۆ ئێمە شێوازێکی لەو جۆرەمان هەیە و ناوی سیستەمی سانتلیگۆیە کە دەنگە فەوتاوەکان بەسەر براوەکاندا دابەش دەکات، بەڵام سانتلێگۆ پرس بە دەنگه‌ فەوتاوەکان خۆیان ناکات و زۆربەی کات دەنگەکانیان بەسەر کەس و پارتانێکدا دابەش دەکات کە لەوانەیە کە خۆیان بە نەیاری سەرسەختیان بزانن. . پێدەچێت، لە داهاتوودا خەڵکی ئایاوا ئەم سیستەمە رەتبکەنەوە، بەڵام هیوادارم فەلسەفە سیاسییەکەی پشت ئەم سیستەمە وەلا نەنرێت و خەڵکی وڵاتانی گیرۆدەی دەستی پارتی سیاسیی دڕندەی وەک ئەوانەی لای خۆمان، خەبات بۆ سەپاندنی بکەن.   .