گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو ڕۆژە بەفربارینێكی زۆر ناوچە كوردییەكانی گرتۆتەوە

بەهۆی بەفر بارینەوە رێگای 150 گوندی رۆژهەڵاتی كوردستان داخرا

2019.04.02 - 09:53
بەهۆی بەفر بارینەوە رێگای 150 گوندی رۆژهەڵاتی كوردستان داخرا

ناس كورد-

ماوەی دوو رۆژە بەفربارینێكی زۆر رووی كردۆتە ناوچە كوردییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەو هۆیەشەوە هاتوچۆی نێوان 150 گوند داخراوە.
بە پێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەو شەپۆلە بەفربارینە تا كۆتا شەوی7ی ئەم مانگە بە شێوەیەكی بەرفراوان درێژەی دەبێت.
دانش زەندی، سەرۆكی ناوەندی بەڕێوەبەریی ئیدارەی گشتی رێگە و بانی پارێزگای كوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە"بارینی بەفر لە دوو شەوی ڕابردوودا رێگەی 150 گوندی پارێزگای كوردستان بە تایبەت گوندەكانی سەر بە شارەكانی سنە، قوروە، دێولان و كامیارانی داخستووە".

سەبارەت بە داخرانی رێگەی سنە – هەمەدان، دانش زەندی، ئاماژەی بەوە كردووە، لە ئێستادا هاتووچۆ لە ڕێگە سەرەكییەكانی پارێزگای كوردستان تەنیا بە زنجیرەوە دەكرێت و بە هۆی ئاستی زۆری بەفرەكە گەردەنەی هەمەكەسی لە مەودای نێوان هەمەدان و قوروە داخراوە و هێزەكانی رێگەوبان خەریكی كردنەوەی رێگاكانن.

هاوكات عیسا گەوهەری بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەی كوردستان داوای لە شۆفێران كرد خۆیان لە هاتووچۆی ناپێویست لە ڕێگاكان بپارێزن و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "بە ئاوڕدانەوە لە ئاستی بارینی بەفر و تەم ومژ لەو ڕێگایانە هاتوچۆ زۆر سەختە".