گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای هەمواركردنی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

2019.04.02 - 08:30
ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

ناس كورد-

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی ئاراستەی سەرجەمی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم.

پڕۆژە یاسای هەمواری دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی هاوبەشی فراكسیۆنی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان و پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانە و هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ‌) لەگەڵی نیین و لەیەكەم دانیشتنی خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەكەدا هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت.

لەراگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كە واژووی د.ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی بەسەرەوەیە، بە گوێرەی حوكمی بڕگەی سێیەم لە ماددەی 18 پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرجەم پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنی ژمارە چواری ئاسایی بانگهێشت كراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، دانیشتنەكە كاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە) دەستپێدەكات.

دوێنێ‌ (دووشەممە) ناس كورد لەزاری پەرلەمانتارێكی یەكێتی بڵاوی كردەوە، لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا فراكسیۆنی یەكێتی لە باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەبێت و ئەگەری هەیە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان نەكات.

لوقمان وەرتی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە ناس كورد-ی وت "ئەگەری هەیە بەشداری لەدانیشتنی پەرلەمانی كوردستان نەكەین و ڕەنگە لە باڵەخانەی پەرلەمان تەنها ئامادەبین، بەڵام ناچینە ناو هۆڵی دانیشتنی پەرلەمان".