گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە هەرێم لیژنەیەک بۆ ئەو پرسە دروست دەکرێت

زیانلێكەوتوانی دەستی تیرۆر لە لایەن عێراقەوە قەرەبوو دەكرێنەوە

2019.04.01 - 23:22
زیانلێكەوتوانی دەستی تیرۆر لە لایەن عێراقەوە قەرەبوو دەكرێنەوە

 

 

 

ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا

حكومەتی عێراق پرۆسەی توماركردنی زیانلێكەوتوانی دەستی تیرۆری دەستپێكردەوە بۆ قەرەبوكردنەوەیان، هەرێمی کوردستانیش لە هەوڵی پێكهێنانی لیژنەیەكە بۆ ئەو مەبەستە.

 

فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "لە بەغدادەوە نوسراوێكمان ئاڕاستە كراوە بۆ ئەوەی بەزوترین کات لایەنە پەیوەندیدارەكان نۆینەری خۆیان دەستنیشان بكەن بۆ پێكهێنانی لیژنەی توماركردنی ناوی زیانلێكەوتوانی دەستی تیرۆر".

 

"تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە بۆ ئەوەیە لە لایەن بەغدادەوە سەرجەمیان قەرەبوی دارایی و مەعنەوی بکرێنەوە، ئەویش لە ڕێی دەستنیشانکردنی ڕێژەی بریندارییەکەیان" وتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وای وت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا هیچ لیژنەیەك بۆ ئەو پرۆسەیە پێكنەهێنراوە، تەنها ئەوە نەبێت لە بەڕێوەبەرایەتی زیانلێكەوتوان لە بەغداد، هەرێم نوێنەرێكی هەیە.

 

بە پێی زانیارییەکانی ناس کورد، ئەو لیژنەیەی دروستدەکرێت دەبێت لە لایەن دادوەرێكەوە سەرپەرشتی  بکرێت، هەروەها نوێنەری هەریەكە لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان، ناوخۆ و پارێزگاکانی تێدابێت.

 

ئەو قەرەبوکردنەوەیە برینداران و كەمئەندامانی ڕوداوە تیرۆریستییەکانی پاش ساڵی 2003 دەگرێتەوە، شێوازی قەرەبوکردنەوەکەش بە پێوەری پلە و ڕاپۆرتی پزیشكی تایبەت بەو پرسە دەبێت.