کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد– فوئاد عەبدوڵا
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە هەوڵدان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی تایبەت بە قەرەبوكردنەوەی کچان و ژنانی ئێزدی، کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە توندوتیژی سێكسییان بەرامبەر کراوە.
خانم ڕەحیم ڕاوێژكاری سەرۆكکۆماری عێراق بۆ كاروباری ژنان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ڕەشنوسی پرۆژەی هاریكاری کچانی ئێزدی و قوربانیانی توندوتیژی سێكسی، پڕۆژەیەكە ڕێكخراوانی مەدەنی لە كوردستان لە ساڵی 2014 كاریان لەسەر کردووە، لە 2015 پێشكەشی سەرۆكایەتی كۆمار كراوە بۆ تاووتوێ كردنی، لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەم خولە نوێیەی سەرۆكایەتی كۆمار ڕەشنوسەكەی زیندوكردەوە، بە مەبەستی ناردنی بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی قەرەبوی زیانلێكەوتوان و قوربانیانی دەستی داعش بکرێتەوە".
ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆککۆمار ئەوەشی وت: "ئەو پڕۆژەیە هەموو کچانی قوربانیانی دەستی داعش کە توندوتیژی سێكسییان بەرامبەرکراوە دەگرێتەوە، وەک کچان و ژنانی ئێزدی و مەسیحی و توركمانەکان، لە كاتێكی نزیكدا ئاڕاستەی پەرلەمان دەكرێت".
لە بارەی پرسی منداڵانی داعش، ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی توندوتیژی سێكسی لە دایكبوون، خانم ڕەحیم ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەكە ئەو پرسەشی لە خۆ گرتووە، بە ڕێنمایی ویاسا ئەو حاڵەتە ڕێكدەخات.