گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: سبەی لە باڵەخانەی پەرلەمان ئامادە دەبین

2019.04.01 - 21:46
پەرلەمانتارێکی یەکێتی: سبەی لە باڵەخانەی پەرلەمان ئامادە دەبین

 

 

 ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

فراکسیۆنی یەکێتی لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەبێت و ئەگەری هەیە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان نەکات، پەرلەمانتارێکی ئەو حیزبەش دەڵێت، دەنگ بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم نادەن.

لوقمان وەرتی ئەندام پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ئەگەری هەیە سبەینێ بەشداری لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان نەكەین و ڕەنگە لە باڵەخانەی پەرلەمان تەنها ئامادەبین، بەڵام ناچینە ناو هۆلی دانیشتنی پەرلەمان".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەنگنەدانیان بەو یاسایە دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێکنەکەوتنیان لەگەڵ پارتیدا و دەشڵێت: "هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەم شێوەیەی ئێستا مەترسی دروستدەکات بۆ یەكڕیزی نیشتمانی و دەبێتە هۆكاری دروستبوونی قەیرانی گەورە لە كوردستان".

 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد فراکسیۆنی یەكێتی لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان بە نیازی هەنگاوێکی هاوشێوەی "موفاجەئەیە"، لوقمان وەرتی ئەو زانیارییانەی ناس کورد-ی ڕەت نەکردەوە و تەنها وتی: "لە ئێستادا ناتوانم قسە لەسەر ئەوە بابەتە بکەم با بمێنێ بۆ سبەی".

بۆ خوێندنەوەی دووەم لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە سبەی 2ی نیسان پەرلەمانی كوردستان دانیشتن ئەنجام بدات، هەفتەی ڕابردوو بە بێ فراکسیۆنی یەکێتی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە کرا.