گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بڕەكەی 576 ملیار دیناری عێراقییە

پەرلەمانتارێكی عێراق: پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرجدەكرێت

2019.04.01 - 19:08
پەرلەمانتارێكی عێراق: پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرجدەكرێت

ناس كورد – فوئاد عەبدوڵا

بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق چاوەڕوانی وەرگرتنی پلەی كۆتایی دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق دەكات و لەئێستادا 499 ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكراوە.

شیروان میرزا قادر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بۆ ناس كورد-ی ڕاگەیاند "لە دوا سەردانمان بۆ لای وەزیری بازرگانی عێراق، ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە چاوەڕوانی وەرگرتنی پلەی كۆتایی دەكەن لە دادگای تێهەڵچوونەوە سەبارەت بە بڕیارەكەی پێشووی دادگای ڕەسافە".

بەوتەی پەرلەمانتارەكەی عێراق 499 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە بەغداد ئامادەیە بۆخەرجكردن و چاوەڕوانی دابینكردنی بڕی 77 ملیار دیناری دیكە دەكرێت بۆ تەواوكردنی سەرجەم بڕی پارەی گەنمی جوتیاران.

لە دواین دانیشتنی كەیسی داواكردنی مافی جوتیاراندا، دادگای رەسافەی بەغداد بڕیاریدا پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016خەرج بكرێت.

شیروان میرزا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، بڕینی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بووە و روونیكردەوە دەبێت دوای وەرگرتنی پلەی كۆتایی لەدادگا و لە دوای 9ی نیسانی داهاتوو سەردانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بكەن بۆ فەرمانكردن و دەركردنی بڕیارێك لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەخەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە، و وتی "بەبڕیارێكی سیاسی بڕاوە و دەبێت بە بڕیارێكی سیاسی بگەڕێتەوە".