گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فرۆشی نەوتی کەرکوک بەراورد بە مانگی شوبات 175٪ زیادی کردووە

لە مانگی ئازار-دا داهاتی نەوتی عێراق زیاتر لە 6.5 ملیار دۆلار بووە

2019.04.01 - 17:50
لە مانگی ئازار-دا داهاتی نەوتی عێراق زیاتر لە 6.5 ملیار دۆلار بووە

ناس كورد-  

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی ئازار-دا نزیکەی 105 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کە داهاتەکەی زیاتر لە 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

 

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا کۆی هەناردەی نەوتی بۆ مانگی ئازاری ڕابردوو بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراو 63.8 دۆلار بووە و لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ-وە فرۆشراوە .

 

لە بارەی داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی سێ عاسم جیهاد ڕایگەیاندووە: "بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق 'سۆمۆ' 104 ملیۆن و 686 هەزار و 479 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، کۆی داهاتەکەشی 6 ملیار و 679  ملیۆن و 440 هەزار دۆلار بووە".

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەو بلۆکە نەوتییانە کردووە کە نەوتی لێوە هەناردەکراوە، کە بلۆکەکانی باشور و ناوەڕاست و باكوری عێراقە، بە جۆرێک لە بلۆكەكانی باشور و ناوەڕاست 100 ملیۆن و 899 هەزار و 553 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، لە بلۆكەكانی كەركوكیشەوە 3 ملیۆن و 63 هەزار و 972 بەرمیل و بلۆکەکانی گەیارەش  722 هەزار و 954 بەرمیل نەوتی لێوە هەناردە کراوە".

 

بە پیێ ئامارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژانە لە عێراقەوە 3 ملیۆن و 377 هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

 

لە مانگی شوباتدا فرۆشی نەوتی کەرکوک 1 ملیۆن و 753 هەزار و 373 بەرمیل نەوت بووە، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەراورد بە مانگی شوبات فرۆشی نەوتی کەرکوک لە مانگی ئازار-دا 175٪ زیادی کردووە.

 

 

لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردۆتەوە بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک لە مانگی ئازاردا بە ڕێژەی 280 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەمی کردووە، ئەوەش پاش ئەوە دێت بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت بڕیاری کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپیک-ەوە دراوە.