گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لەمساڵدا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە

پەرلەمانتارێكی عێراق: كارتی زیرەك بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت

2019.04.01 - 16:35
پەرلەمانتارێكی عێراق: كارتی زیرەك بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت

ناس كورد-هەڤاڵ فەتاح

بەوتەی ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، لە ماوەیەكی نزیكدا هەموو موچەخۆرانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە مووچەكانیان بە كارتی زیرەك وەردەگرن.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بەناس كورد-ی ڕاگەیاند:" لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2019 جێگیركراوە كە دەبێت مووچەخۆرانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە ڕێگای كارتی زیرەكەوە مووچەكانیان وەربگرن".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە بڕیاری دروستكردنی كارتی زیرەكی وەرگرتنی مووچە بۆ فەرمانبەران بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و دەبێت هەرێمی كوردستان پابەند بێت پێوەی.

لەیاسای بودجەی گشتی 2019ی عێراقدا جگە لەپشكی هەرێمی كوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە جێگیركرا و كرایە یاسا.

جەمال كۆچەر ئاماژە بەوە دەكات كە میكانیزمی پێدانی مووچە بەفەرمانبەران بەكارتی زیرەك لەمساڵدا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان دەنگیان لەسەر داوە و بەبڕوای ئەو "دەبێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ لە ناوبردنی گەندەڵی دارایی و فەرمانبەرانی بن دیوار لەهەموو عێراقدا".