گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی: یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێویستی بەكۆدەنگی هەیە

2019.04.01 - 16:07
وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی: یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێویستی بەكۆدەنگی هەیە

ناس كورد-

كۆبوونەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەسلێمانی كۆتایهات و وتەبێژی كۆمەڵ رایدەگەیەنێت "تائێستا هیچ گفتوگۆیەكی جدی لەنێوان پارتی و كۆمەڵ نەكراوە بۆ بەشداریكردن لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم".

ئەمڕۆ (دووشەممە) شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسلێمانی سەردانی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانی كرد، لەپاش كۆبوونەوەكە و لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی، وتی "كۆبوونەوەیەكی ئاسایمان لەگەڵ یەكێتی لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت ئەنجامداوە و هیچ داواكارییەكمان لەلایەن شاندی یەكێتی لێنەكراوە".

بەوتەی رێبوار حەمەد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تائێستا هیچ گفتوگۆیەكی جدی لەنێوان پارتی وەك پێكهێنەری حكومەت و كۆمەڵی ئیسلامی نەكراوە، لەو بڕوایەشدا بوو كە بەشداریكردنی كۆمەڵ لەكابینەی نوێی حكومەتدەبێت لەگەڵ ئەجێندا سیاسییەكانی ئەو حزبە یەك بگرێتەوە.

روونیشیكردەوە، هەڵوێستی سیاسی كۆمەڵ سەربەخۆیە، و هەماهەنگییان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە هەیە و لەگەڵ ئەوەن كە حكومەت، حكومەتی خەڵك و خزمەتگوزار بێت.

لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، وتەبێژەكەی كۆمەڵ جەختی كردەوە "پێویستە سیستمی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانی بێت، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ڕەهەندی نیشتمانی هەیە و هەمواری نوێی یاساكە لە پەڕلەمان دەبێت كۆدەنگی لەسەر هەبێت".

لەلایەكی دیكەوە، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆتایهاتنی كۆبوونەوەی وەفدی یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی" كۆبوونەوەكە پلان نییە، ئەمە درێژەیی كۆبوونەوەیەك بوو كە پێشتر بڕیاری لەبارەوە درابوو، لەگەڵ یەكگرتووش كۆدەبینەوە".

وتیشی"یەكێتی لەنێوان رێككەوتن و هەر چارەسەێكی دیكەدا، رێككەوتنی شەرەفمەندانەمان دەوێت و پەراوێزخستن و ژێردەستەیی بەیەكێتی قبوڵ ناكرێت".