گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چەند پارە دەدرێت؟

نرخی حەجكردنی ئەمساڵ دیاری كرا

2019.04.01 - 15:09
نرخی حەجكردنی ئەمساڵ دیاری كرا

ناس كورد-

نرخی حەجی ئەمساڵ دیاری كرا و ئەو كەسانەی ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دەرچووە دەتوانن لەسبەینێوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی كارەكانیان رایی بكرێت.

لەمیانەی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، شێخ قاسم بەرزنجی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، رایگەیاند "ئەو كەسانەی ناویان لە تیروپشك دەرچووە، سبەی (سێشەممە، 2-4-2019) دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە بكەن بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان".

بەوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، پشكی حاجیانی ئەمساڵی هەرێم چوار هەزار و 80 حاجییە و لەرۆژی 10ی تەمموزی 2019 یەكەم گەشتی حەج لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سعودیە، دەستپێدەكات.

لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی كە لەهەر هاووڵاتییەك وەردەگیرێت بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم روونیكردەوە "هەر حاجییەك ئەمساڵ پێویستی بە بڕی 4 هەزار و 200 دۆلارە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج".

سەبارەت بەپشكی كەسوكاری شەهیدانیش، بەوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە 100 پشك بۆ كەسوكاری شەهیدان تەرخان كراوە كە ناوەكانیان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆیان نێردراوە.