گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

جەماوەری یەكێتی لێمان قبوڵ ناكات

عەدنان حەمەی مینا بۆ ناس كورد: یەكێتی سازش لەسەر داواكارییەكانی ناكات

2019.04.01 - 14:17
عەدنان حەمەی مینا بۆ ناس كورد: یەكێتی سازش لەسەر داواكارییەكانی ناكات

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەدواهەمین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی خۆیدا چەند داواكارییەكی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی نوێی هەرێم و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە "سازش لەسەر داواكارییەكانمان ناكەین".

عەدنان حەمە مینا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تایبەت بە ناس كورد_ی ڕاگەیاند "یەكێتی لەدوا كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی خۆیدا دوا بڕیاری خۆی بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی نوێی هەرێمدا داوەتە شاندی دانوستانكاری پارتی و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوان دەكەین".

بەوتەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی، یەكێتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە حكومەتێكی كارای خزمەتگوزار پێكبهێنرێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و یەكێتی لەو حكومەتەدا هاوبەشێكی راستەقینە بێت و وتی "هاوبەشی راستەقینە واتای ئەوەی كە بەشداربێت لە جومگە سەرەكییەكانی بڕیاردان لەم وڵاتە".

جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە تائێستا لەگفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی ئەو پۆستانەیان نەدراوەتێ‌ كە بەركەوتەی هەڵبژاردن و شایستەی حزبەكەیانە.
لەدواهەمین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ژمارەیەك لەداواكاری ئەو حزبە بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی نوێی هەرێم ئاراستەی وەفدی دانوستانكاری پارتی كرا و تائێستا وەڵامی داواكارییەكان نەدراوەتەوە.

عەدنان حەمەی مینا رەتیكردەوە پارتی داواكارییەكەی ئەمدواییەی یەكێتی بەزیاد زانیبێت و وتبێتی لەسەر ئەو داواكارییانە لەگەڵ یەكێتی كۆنابینەوە.
وتیشی "لەهەڵبژاردندا یەكێتی لەناوچەی خۆیدا حزبی یەكەمە و لەكوردستان حزبی دووەمە. پارتی لەناوچەی خۆی حزبی یەكەمە و لەناوچەی ئێمە حزبی چوارەمە".

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی هۆكاری بەیەك پاكێج تەماشاكردنی بەغدا و كەركوك و هەرێم و سوربوون لەسەریان لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ناكرێت هێزە سیاسیەكان لەهەرێم یەك بن و لەكەركوك و بەغدا ناكۆك.
"ئێمە بۆ ئەوەمانە هاوبەشییەكەمان تا سەر بێت و خاڵی جیاوازی و ناكۆكیمان نەبێت كە دواتر درز بخاتە نێوانمان" عەدنان حەمەی مینا وای وت.

ئەو رەتیكردەوە كە رێككەوتنەكەی پارتی و گۆڕان بەربەستی بۆ پشكەكانی یەكێتی لەحكومەتی نوێی هەرێم دروست كردبێت و وتی "كێشەی ئێمە گۆڕان نییە، گۆڕان هەرچی پۆستێكی وەرگرتووە پیرۆزیان بێت و مافی خۆیانە و ئەوە پارتی دەتوانێت لەبەركەوتەی خۆی بیانداتێ‌. ئێمە بەبەركەوتەی خۆمان داوای زیاتر ناكەین".
سەبارەت بە ناڕەزایەتی بزوتنەوەی گۆڕان لەدانانی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بەپێی میدیاكان یەكێتی داوای كردووە، سەركردایەتییەكەی یەكێتی وتی "ئێمە لەگەڵ گۆڕان دانوستاندنمان نییە بۆ پێكهێنانی حكومەت و لەگەڵ پارتی لەدانوستانداین".

پرسیاری ئەوەشی كرد "بەلۆژیك ئەگەر پارتی حزبی یەكەم بێت و یەكێتی حزبی دووەم بێت و پارتی مافی ئەوەی هەبێت سەرۆكی هەرێم لەو بێت ئەی یەكێتی مافی ئەوەی نییە جێگرەكەی لەو بێت؟!".
ماوەیەكە فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانی كردووە و چەند دانیشتنێك بەبێ‌ ئامادەبوونی ئەو فراكسیۆنە ئەنجامدراوە كە دیارترینیان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و گفتوگۆی پڕۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بوو.

بەوتەی عەدنان حەمەی مینا فراكسیۆنی یەكێتی ئەو كاتە دەچێتەوە كە داواكانی یەكێتی جێبەجێ‌ بكرێت بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی نوێی هەرێم.
ئاماژەی بەوەش كرد كە بەبێ‌ فراكسیۆنی یەكێتیش دەتوانرێت سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام پرسیی "ئەگەر ئەوە كرا دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم تا كوێ‌ دەبێت؟!".

بەبڕوای ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندی بەهەموو خەڵكی كوردستانەوە هەیە و رەهەندێكی نیشتیمانی هەیە و دەبێت تەوافوقی سیاسی هەموو هێزەكانی كوردستانی لەسەر بێت.

وتیشی "پێمانخۆشە لەهەرێمی كوردستاندا سەرۆكێكی بەهێز هەبێت و سەرۆكێكی بەهێز دەبێت كۆدەنگی بۆ پەیدا بكەیت نەك تووشی كێشەی بكەیت و دەسەڵاتەكەی لەسەرتاسەری كوردستان بێت".
"یەكێتی سازش لەسەر داخوازییەكانی ناكات و جەماوەری یەكێتی لەسەركردایەتی یەكێتی قبوڵ ناكات سازش بكات" عەدنان حەمەی مینا وای وت.